دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایانی ئایینی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایانی ئایینی لە ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک پێکھاتووە، کە لە یەکەم ھەنگاودا زەوی و شوێنی بۆ تەرخان دەکرێت و دواتریش دەست بە دروستکردنی یەکەکان دەکرێت.
نەبەز ئیسماعیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لیژنەیەک لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکھاتووە، بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایانی ئایینی لە ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان بکرێت، کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەکە ئەنجام دەدرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتیشی، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، مامۆستایانی ئایینی و فەرمانبەرانی کارگێڕی دەگرێتەوە و بەپێی خاڵبەندی دەبێت، کە ئەولەویەت بۆ کێ بێت و کێ خاڵەکانی زیاتر بێت، ئەو زیاتر چانسی وەرگرتنی یەکەکانی دەبێت.
ئیسماعیل ڕوونیشی کردەوە، یەکەکانی نیشتەجێبوون بە جۆرێک دروست دەکرێن، کە لەگەڵ باری دارایی مامۆستایانی ئایینیدا گونجاو بن، کە لە ماوەیەکی نزیکدا ھەنگاوی کرداری دەنرێت و لە یەکەم ھەنگاویشدا زەوی و شوێنی پڕۆژە دیاری دەکرێت و دواتریش دەست بە دروستکردنی یەکەکان دەکرێت، کە زەوی دیاری کرا، ئەوکات دیار دەبێت چەند یەکە دروست دەکرێن و نرخەکەشی چەند دەبێت و بە چ جۆرێک دەبێت، بەڵام رەزامەندی لەسەر دراوە و دەست بە ھەنگاوی کرداری دەکرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بڵند ئیبراھیم




