"پڕۆژەی بچووک بۆ گەنجان دابین دەکرێت"

هەولێر-KDP.info- یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان بە ھەماھەنگیی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە دەیانەوێت ھاوکاریی گەنجان بکەن بۆ ڕەخساندنی ھەلی کار و، بەرپرسێکی یەکێتیی وەبەرھێنەرانیش دەڵێت، ھەزارن ھەلی کار دەڕەخسێندرێن و گەنجان دەبنە خاوەنی پڕۆژەی خۆیان.
کەمال ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان بە ھەماھەنگیی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان پڕۆژەیەکی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی ھەلی کار بۆ گەنجان دابین بکرێت و لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ئەو گەنجانەی ئارەزووی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بچووکیان ھەیە دەتوانن بەشداریی تێدا بکەن، کە ھەلی کار بۆ ھەزاران گەنج دابین دەکرێت.''
جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرھێنەران گوتیشی: "پڕۆژەکەی وەبەرھێنەران بریتییە لەوەی لە ڕێگەی ژمارەیەک وەبەرھێنەرەوە ھاوکاریی دەرچووانی زانکۆ و گەنجان دەکرێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان و کاری تێدا بکەن.''
کەمال ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان ئەو پڕۆژانە ھەن و سەرمایەداری گەورە دەتوانێت سەرمایەداری بچووک دروست بکات، ئێمەش دەمانەوێت ڕۆڵمان ھەبێت لە ڕەخساندنی ھەلی کار و لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا ھەزاران کەس دەبنە خاوەنی کار، چونکە ئەو وەبەرھێنەر و سەرمایەدارانەی ئێستا ھەن، وەک ئەو گەنجانە بە پڕۆژەی بچووکەوە دەستیان بە کار کردووە.''
قائید میرۆ




