٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"خواستی نێودەوڵەتی بۆ بوونی دەستوورێكی نووسراو لە كوردستان هەیە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێت، بوونی دەستوورێكی نووسراو لە هەرێمی كوردستان، ناكرێت تەنها لە چوارچێوەی خواستێكی نێوخۆیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان سەیر بكرێت، چونكە لە ئێستادا هەریەك لە وڵاتانی زلهێزی وەك ئەمەریكا و یەكێتیی ئەورووپا و لەسەروو هەمووشیانەوە نەتەوە یەكگرتووەكان، لەگەڵ بوونی دەستوورێكی نووسراودان.

دڵشاد نامیق، مامۆستای زانكۆ و سەرۆكی ناوەندی چاوی كورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە نووسین و بوونی دەستوورێكی نووسراو بۆ هەرێمی كوردستان، دواكەوتووین، دەبوو دەستوور پێش هەڵبژاردنی یەكەم پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 بنووسرایەتەوە و دواییش بەپێی ئەم دەستوورە پەرلەمان هەڵبژێردرایە و حكوومەت پێكبهاتایە، بۆ ئەوەی بكرابایە سەقفێك و ڕێكخەرێكی تەواوی دەسەڵاتەكان، بەڵام نەتوانرا ئەمە بكرێت".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەشڵێت: "بیرمان نەچێت پێش ساڵی 2003 هەوڵێكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەبوو بۆ ئەم بابەتە و دوو دەستووری نووسی، كە دەستوورێك بۆ عێراق و یەكێكی تریش بۆ هەرێمی كوردستان بوو، كە دواتر هەر ئەم پڕۆژەیە بوو لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بوو بە پرۆژەی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی عێراق و لەسەر ئەم  بنەمایە چوونە بەغدا و كەوتنە گفتوگۆ".

سەرۆكی ناوەندی چاوی كورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی گوتیشی: "نەبوونی دەستوور لە هەرێمی كوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە، هەروەك چۆن بوونی دەستوور نەخشەڕێگایە بو جیاكرنەوەی دەسەڵاتەكان و نەهێشتنی ئەو گرفتانەی كە تا ئێستا لەسەر بابەتی حوكمڕانی لە هەرێم هەن، هەروەها دەستوور وادەكات حوكمڕانی بكەوێتە سەر سكەی خۆی، لە تەواوی دونیاشدا حوكمڕانیی باش ئەوەیە حكوومەت ملكەچی یاسا بێت و ئەم یاسایەش گرێدراو بێت بە دەستوور، لە غیابی نەبوونی ئەم دەستوورە ئێمە زۆر جار ناچارین بۆ هەندێك بابەت بگەڕێینەوە بۆ دەستووری عێراق".

ناوبراو راشیگەیاند: "ئەگەر ئێمە ببین بە خاوەنی دەستووری خۆمان، ئەوا دەتوانین بیكەینە بنەمای چەسپاندنی ئەو مافانەی كە لە دەستووری عێراق وەك مافی گەلی كوردستان ئاماژەیان بۆ كراوە،  لە داهاتووشدا هەر پاشگەزبوونەوە و  گۆڕانكارییەك لە دەستووری عێراقدا هەبێت و دەست بۆ مافەكانی هاووڵاتیانی كوردستان ببرێت، تۆ لێرە لە چوارچێوەی دەستوورەكەی خۆت چەسپاندووتە، چونكە دوور نییە دووسبەی دەستووری عێراق هەموار بكرێتەوە، ڕوونتر، دەستووری هەرێمی كوردستان دەبێتە چەكێكی یاسایی بۆ پاراستنی تەواوی ئەو مافە یاساییانەی كە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئاماژەیان بۆ كراوە".

دڵشاد نامیق روونیشی كردەوە: "خاڵێكی دیكە كە مەبەستمە بیڵێم، ئەوەی كە ئێستا جۆرێك لە ناسەقامگیریی سیاسی و نەبوونی متمانە لە نێوان لایەنەكان هەیە، كە دەستوور كۆتایی بەمە دەهێنێت، چونكە ئێمە دواجاریش دەڵێین سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەبێتە پارێزەری ئەم دەستوورە، دەستوور خۆی گرنگە، بەڵام پارێزەرەكەشی گرنگە، ئەوكات ئێمە دەبینە خاوەنی دادگای دەستووری و تەواوی ئەو تەجاوزە قانوونی و ئیدارییانەی كە ئێستا هەن، بەم دادگایە دەتوانین ڕووبەڕوویان ببینەوە و كۆتاییان پێ بهێنین."

دەشڵێت: "ئێستا بە ئاشكرا نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ بوونی ئەم دەستوورە نووسراوەن بۆ هەرێمی كوردستان، بە تایبەت بە ڕوونی لە قسەكانی ئەم دواییەی نوێنەری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هەستی پێ كرا و بینرا".

 

ئەرسەلان ئەحمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار