شاخەوان عەبدوڵڵا: بۆ چارەکردنی کێشەی سەرگەڕان لەسەر هێڵین

سەرگەڕان-KDP.info- ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، عەرەبی ھاوردە جارێکی دیکە ھاتوون بۆ سەرگەڕان و دەیانەوێت بە زۆر زەویی کورد داگیر بکەن و کوردیش رێگری دەکەن. دەشڵێ: "ئێمە لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی کێشەکەیان چارە بکەین".
شاخەوان عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەم بەیانییە عەرەبی شیعە لە باشووری عێراقەوە هاتوون و لە دێی شەناخەی سەر بە سەرگەڕان خێمەیان ھەڵداوە، کە نزیکەی حەوت خێمەیان ھەڵداوە و بەردەوامیشن لە ھەڵدانی خێمە و دەیانەوێت زەویی کورد داگیر بکەن، کوردیش ئەمە ڕەت دەکاتەوە و ناڕازین لە ھاتنی ئەو عەرەبانە، بۆیە مەترسیی پێکدادان لە نێوان ھەردوو لا ھەیە و ئێمەش ھەموو ھەوڵێک دەدەین کێشەکە گەورە نەبێت".
عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد: "لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر هێڵین، بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارە بکەین و بێ گرفت کۆتایی بێت، چونکە ئەمە جاری یەکەم نییە و چەندین جارە عەرەبی ھاوردە دێن بۆ سنووری سەرگەڕان و دەیانەوێت بە زۆر زەویی کورد داگیر بکەن".
بڵند ئیبراھیم




