٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە بۆ KDP: گەشتکردن بۆ بیلاڕووسیا قەدەغە کراوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر رایگەیاند، تەواوی گەشتەکانیان بۆ بیلاڕووسیا راگرتووە و لە ئێستادا کەس لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە ناتوانێ گەشت بۆ ئەو وڵاتە بکات. دەشڵێ: "تورکیاش رێگە نادات ھاووڵاتیانی ئێمە لە رێگەی ئەوانەوە گەشت بۆ بیلاڕووسیا بکەن، ئەمەش بۆ ئەوەیە رێگری لە کۆچکردن بکرێت".

ئەحمەد ھوشیار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە تەواوی گەشتەکانمان بۆ وڵاتی بیلاڕووسیا راگرتووە و رێگە بە ھیچ گەشتێک نادەین بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام بدرێت، ھۆکارەکەشی ئەوەیە تا خەڵک کۆچ نەکات بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام ئەوانەی رۆیشتوون، لە رێگەی تورکیا و ئیمارات گەشتیان کردووە".

ھوشیار گوتیشی، سەرەتا تەنھا وەجبەیەک رۆیشتن و دواتر گەشتەکان راگیران، بۆیە لە ئێستادا ھیچ کەسێک ناتوانێ گەشت بۆ وڵاتی بیلاڕووسیا بکات، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێ لەو رێگەیەوە کۆچ بکات.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، تورکیاش تازە بڕیارێکی نوێی داوە، کە رێگە نادەن ئەو ھاووڵاتیانەی رەگەزنامەی عێراقی و یەمەنی و سووریایان ھەبێت، گەشت بۆ وڵاتی بیلاڕووسیا ئەنجام بدەن، ئەمەش ھەنگاوێکی باشە بۆ رێگری لە کۆچکردن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار