٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەڵەبجە.. پڕۆژەی بەبازاڕکردنی هەنار ئامادە دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە -KDP.info- هەڵەبجە خاوەنی ساڵانە هەزاران تۆن هەناری کوالیتی بەرزە، ڕێکخراوێکی هەنگاری و ناوخۆیی دەیانەوێت لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە لەسەر ئەوە کار بکەن کە هەناری هەڵەبجە ببرێتە بازاڕەکانی جیهان و بەپیشەسازی بکرێت.

جەوهەر عەزیز، ڕێکخەری کۆنفرانسی بەبازاڕکردنی هەناری هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆنفرانسی بەبازاڕکردنی هەناری هەڵەبجە کارێکی هاوبەشی ڕێکخراوی هەڵوێست و ڕێکخراوێکی هەنگارییە،  ئێستا هەنار بووەتە ناسنامەیەکی دیکە بۆ شاری هەڵەبجەیە".

جەوهەر عەزیز گوتیشی: "هەڵەبجە خاوەنی هەناری زۆر باش و دەرەجە یەکە، بەڵام گرفتی بەبازاڕکردنمان هەیە، بۆیە دەمانەوێت لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی هەناری هەڵەبجەدا کار بکەین، پڕۆژەکە بۆ ماوەی شەش مانگ بووە و لەو ماوەیەدا چەندین ڕاهێنان و چالاکی لەسەر بەرهەمهێنانی زانستیی هەنار بۆ باخدارانی هەنار کراوە.''

ئەوەشی ئاشکرا کرد: "توێژینەوەیەک کراوە کە 100 جووتیاری باخداری هەنار تێیدا بەشدار بوون و لەسەر ئاستەنگ و گرفتەکانی بەردەمیان دواون و لە کۆنفڕانسی ئەمڕۆشماندا کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی هەنار، بە ئاماددەبوونی چەندین سەرمایەدار چەندین توێژینەوە دەخرێتە ڕوو.''

جەوهەر عەزیز ڕوونیشی کردەوە: ''ئامانجمانە هەناری هەڵەبجە بۆ بازاڕەکانی دەرەوە بچێت و بڕواتە چوارچێوەی پیشەسازییەوە و پشتگوێ نەخرێت و گرنگی بە بەرهەمی هەناری هەڵەبجە بدرێت، چاوەڕێش دەکەین پڕۆژەیەکی گەورەی بەبازاڕکردنی هەنار بڕواتە بواری کارەوە.''

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار