غازی سروشتی لە ھەرێمی کوردستان دەبێتە داھاتی سەرەکی

ھەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری غازی سروشتیدا دەستی بە کار کردووە و دەیەوێت غازی سروشتی ببێتە داھاتی سەرەکی لە ھەرێمی کوردستان، چونکە ھەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی و ئەگەر نەوت لە جیھانیش نەمێنێت، غازی ھەرێمی کوردستان هێندە زۆرە، ھەر دەمینێت.
ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر بێوار خنسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''زۆر گرنگە حکوومەت دەستی کردووە بە بەپیشەسازیکردنی غازی سروشتی لە ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی لەسەر خەتە و ھاوکاریی کۆمپانیاکان دەکات بۆ ئەوەی داھاتی غاز بۆ ڕێژەیەکی باش زیاد بکرێت و غازی سروشتیی پێویست بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکات، بۆ ئەوەش کاری لەسەر کراوە و دەشکرێت، لەبەر ئەوەی ٧٠% غازی سروشتیی ھەرێم بۆ کارەبایە و کار دەکرێت بۆ ئەوەی غازی سروشتی نەسووتێت و بەفیڕۆ نەچێت.''
دکتۆر بێوار خنسی گوتیشی: ''بەردەوام داھاتی غاز لە ھەرێم لە زیادبووندایە و کاری جددی دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی لە ھەرێم، چونکە ئەگەر وەکوو خام بفرۆشرێت، یان بەکار بھێندرێت، لە داھاتی نەوت زیاترە، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان زۆر دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی.''
خنسی باسی لەوەش کرد: ''ھەرێمی کوردستان هێندە دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی کە بێت و نەوتیش لە جیھاندا نەمینێت، غاز لە ھەرێمی کوردستان ھەر دەمێنێت و شارەزایان باس لەوە دەکەن، ئەگەر بەو شێوەیە داواکاری لەسەر نەوت ھەبێت، ڕەنگە هەر تا٤٠ ساڵی دیکە بمێنێت، بەڵام غازی سروشتی بەشی ٦٥ ساڵی دیکە دەکات، چونکە ھەرێمی کوردستان زۆر دەوڵەمەندە بە غاز و وڵاتان ھەوڵ دەدەن لە ڕێگەی کۆمپانیای گەورەوە بێن کار لە بواری غازی ھەرێمی کوردستاندا بکەن، بەتایبەت بۆ کاتی تەنگانە، چونکە غاز گرنگیی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە.''
بڵند ئیبراھیم




