٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئه‌م ناوچەیه‌ دەكرێتە گەورەترین شاری پیشەسازی لە كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ناوچەی پیشەسازیی تیمارت، گەورەترین ناوچەی پیشەسازییە لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستاندا،  جێگری سەرۆكی یەكێتیی وەبەرھێنەرانی كوردستانیش دەڵێ، خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكە دابین دەكرێت و زەوییەكانیش دەخرێنە سەر ناوی خاوەنكارەكان.

كە‌مال ئاغا، جێگری سەرۆكی یەكێتیی وەبەرھێنەرانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ناوچەی پیشەسازیی تیمارت، گەورەترین ناوچەی پیشەسازییە لە ھەرێمی كوردستان و دەكەوێتە شاری ھەولێر، كە سەدان كارگە و شوێنی كاری تێدایە و دەمانەوێ ئەو ناوچەیە بكرێتە شارێكی پیشەسازیی پێشكەوتوو، لەبەر ئەوەش پلانمان ئەوەیە چەند ھەنگاوێك بۆ پێشخستنی ناوچەی پیشەسازیی تیمارت بنێین".

جێگری سەرۆكی یەكێتیی وەبەرھێنەرانی كوردستان دەشڵێت: "ناوچەی پیشەسازیی تیمارت، بەسەر چەند كەرتێكدا دابەش بووە، لەوانەش ٥٠%ی كارگە و شوێنە بازرگانییەكان سەر بە وەبەرھێنانن و ئەوانی دیكە مۆڵەتیان لە شارەوانی و وەزارەتی بازگانی و پیشەسازی وەرگرتووە".

كەمال ئاغا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ناوچەی تیمارت ھەندێ خزمەتگوزاریی پێویستە، ئێمە داوامان كردووە و لەگەڵ خاوەن كارگە و پڕۆژەكان رێككەوتووین لە بەرامبەر وەرگرتنی ھەندێ پارە لە رێگەی بەڵێندرەوە، شەقامەكانی قیرتاو بكرێت، لە بەرامبەریشدا حكوومەت زەویی ناوچەكە لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ بكات، یانیش بەپێی یاسای وەبەرھێنان، بخرێنە سەر وەبەرھێنان، بۆ ئەوەی خاوەنكار لە چەندین خزمەتگوزاری سوودمەند بێت، لەوانەش راكێشانی قەرزی بانكی".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار