لوقمان عەبدولقادر: دادگاییکردنی کۆمپانیاکانی فرۆشتنی چەکی کیمیایی بە حکوومەتی عێراق قۆناخی باشی بڕیوە

هەڵەبجە -KDP.info- چەند ساڵێکە کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە هاوکاریی دەستەیەکی پارێزەرانی ناوخۆیی و بیانی، لە دادگاکانی کوردستان سکاڵای لەسەر ئەو کۆمپانیانە بەرز کردووەتەوە کە چەکی کیمیایییان بۆ ڕژێمی سەددام حوسێن دابین کردووە و داوای قەرەبوو دەکەن.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارنی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ چوارەم ڕۆژی دادگاییکردنی ئەو کۆمپانیایانەی چەکی کیمیاوییان بە ڕژێمی سەددام حوسێن فرۆشتووە لە دادگای سلێمانی بەردەوام بوو.''
لوقمان عەبدولقادر گوتیشی: "تەواوی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستی پارێزەرەکانمان بوون لەسەر کۆمپانیاکان کۆ کراوەتەوە و خرایە بەردەم دادوەر، دادوەریش پاش وەرگرتنی وتەی پارێزەرەکانمان و بەڵگەکان، دادوەرییەکە تەئجیل کرد بۆ 9/1/2022، پاشان دادگا دەست بە کارەکانی دەکاتەوە لەسەر کەیسەکە تاکوو 20/1/2022.''
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە دادگای ئەم جارەمان بەڵگەی نوێمان هەبوون کە زۆر دەقیق بوون، لەسەر کۆمپانیاکان و لە ڕێگەی دەستەی پارێزەرەکانمانەوە خستمانە بەردەم دادوەر".
زیاتر دەڵێت: "کۆتاییهاتنی دادگای کوردستان دەتوانێت سوودی لێ ببیندرێت بۆ دادگای ئەورووپا و سکاڵا لەسەر کۆمپانیاکان بەرز دەکەینەوە، دەبێت کۆمپانیاکان قەرەبووی هەڵەبجە و کەسوکاری شەهیدان و برینداران بکەنەوە".
گوتیشی: ''دەمانەوێت تاکوو کۆتاییی مانگی ساڵی داهاتوو دادگا کۆتابڕیاری خۆی بدات و لە ڕێگەی دەستەی پارێزەرەکانمانەوە لە دادگای وڵاتەکانی خۆیان سکاڵا لەسەر کۆمپانیاکان بەرز دەکەینەوە.''
عەزیز ڕەسووڵ




