لاوان چۆن دەتوانن ببن بە خاوەنی كاری خۆیان؟

سلێمانی-KDP.info- شارەزایەكی ئابووری، ئەو ڕێگایانە ئاشكرا دەكات كە لاوان دەتوانن لە ڕێگەیەوە ببن بە خاوەنی كاری خۆیان و دەڵێت، گرنگە لاوان بیر لەو پڕۆژانە بكەنەوە كە لەگەڵ واقیعی ئابووری و باری دارایی هاووڵاتیان گونجاون، واتە مرونەتی جێبەجێكردنیان لە بازاڕی كاردا هەبێ و خواستی هاووڵاتیانیشی لەسەر بێ.
د. شڤان جەمال، مامۆستای كۆلێژی كارگێڕی و ئابووریی زانكۆی سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەنگە لە ئێستادا ئەو دۆخەی هەرێمی پێدا تێپەڕ دەبێ، لە ڕووی ئابووری و دارایی و ئەو ناسەقامگیرییەی كە هەیە، هەبوونی دەرفەتی كار و پڕۆژە ئاسان نەبێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەستەم نییە و لاوان دەتوانن جێگەی خۆیان لە بازاڕی كاردا بكەنەوە، بە بیركردنەوە لەو كارانەی نوێن و لەگەڵ ژینگەی ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتووریی كۆمەڵگەدا دەگونجێن".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ گوتیشی: "لە سەرەتاوە گرنگ و پێویستە گەنجان و لاوان بزنس پلانیان هەبێ، واتا دانانی پلان و نەخشەڕێگایەك بۆ ئەو پڕۆژەیەی كە دەیانەوێت جێبەجێی بكەن، ئەمەش بە كۆكردنەوەی زانیاری و داتای تەواو سەبارەت بەو بزنسە و ئەو ژینگەیەی دەیانەوێ پڕۆژەكەی تێدا ئەنجام بدەن، هەروەها لێكۆڵینەوە لەوەی ئایا تا چەند لە ناو كۆمەڵگەدا خواست لەسەر ئەو جۆرە بزنسە هەیە".
ناوبراو ڕاشیگەیاند: "خاڵێكی دیكەی گرنگ كە دەبێت لە چوارچێوەی پڕۆژەی كار بیری لێ بكرێتەوە، ئەوەیە كە لێكۆڵینەوەی ورد لەبارەی (جەدوای ئابووری) تێچوونی كارەكە بكرێت كە چەندە، چونكە بناغەی سەرەكی بۆ سەركەوتنی هەر پڕۆژەیەك، جگە لە پلان و بەرنامە ئابوورییەكە، سەرمایەی بەگەڕخراو كۆڵەكەیەكی سەرەكییە بۆ سەركەوتن، هاوشانی ئەمەش پێویستە لایەنی یاسایی و كولتووریی ئەو كار و پڕۆژەیەش لە بەرچاو بگیرێت، كە ئایا ئاستەنگی یاسایی و كولتووریی بۆ دروست نابێ؟".
ئەو شارەزایەی بواری ئابووری زیاتر گوتی: "لە قۆناغی یەكەمدا خاوەن پڕۆژە پێویستی بە هاوكاری هەیە، بۆیە گرنگە حكوومەت هاوكاری و پشتیوانیی ئەو كەسانە بكات كە خاوەن بیرۆكە و پڕۆژەن لە ڕێگەی پێدانی قەرزی بچووك و هاندانی بانكە تایبەتەكان بۆ هەمان مەبەست، چونكە دواجار سەركەوتنی پڕۆژەی لاوان و كاری لاوان، خزمەتە بە كۆی ئابووری و كۆمەڵگە".
ئەرسەلان ئەحمەد




