دەستەی وەبەرھێنان: پێویستە ٧٥%ی كرێكاران خۆماڵی بن

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە دەستەی گشتیی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ ٦٠ پڕۆژەی جۆراوجۆر مۆڵەتیان پێ دراوە و ٩٠ پڕۆژەش پەسەند كراون. دەشڵێ، ھەر پڕۆژەیەك مۆڵەتی پێ بدرێت، پێویستە ٧٥%ی كرێكارەكان خۆماڵی و خەڵكی ھەرێمی كوردستان بن.
سەربەست خدر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لەو پڕۆژانەی كە وەكو پلان رامانگەیاندبوون لە ھەموو سێكتەرەكان، كە ١٣ سێكتەرن، تا ئێستا ٦٠ مۆڵەت دراوە و دەستیش بە پڕۆژەكان كراوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێن، ساڵانەش پلانی خۆمان رادەگەیەنین و پڕۆژەكان دەخەینە ڕوو، تا وەبەرھێنەرەكان بێن ئەنجامیان بدەن".
خدر گوتیشی، ئەو پڕۆژانە جۆراوجۆرن، لە بواری نیشتەجێبوون، كتشوكاڵ، پیشەسازی، فێكردن و سێكتەرەكانی دیكەشی تێدایە، كە سەرجەم پڕۆژەكان بۆ ھەرێمی كوردستان زۆر پێویستن.
ناوبراو ڕوونیشی كردەوە: "هەر پڕۆژەیەك كە داواكاری بۆ پێشكەش دەكرێت، كۆمەڵێك رێكار ھەیە و پێویستە بگیرێتە بەر دوای ئەوەی لەلایەن دەستەی وەبەرھێنانەوە پەسەند دەكرێت، ئێستا نزیكەی ٩٠ پڕۆژەش پەسەند كراون و كە رێكارەكان تەواو بوون، مۆڵەتیان پێدەدرێت و دەست بە كار كردن دەكەن، كە لە ھەر ١٣ سێكتەردا پڕۆژە ھەیە، بەڵام زیاتر جەخت لەسەر سێ سێكتەر دەكەینەوە، گەشتوگوزار و كشتوكاڵ و پیشەسازی".
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە دەستەی گشتیی وەبەرھێنان ئاماژەشی دا: "ھەر پڕۆژەیەك مۆڵەتی پێ بدرێت، پێویستە ٧٥%ی كرێكارەكان خۆماڵی و خەڵكی ھەرێمی كوردستان بن، لە كابینەی نۆیەمیشدا ١٥ هەزار ھەلی كارمان بۆ خەڵكی خۆمان رەخساندووە و بەردەوامیش ژمارەكان لە زیاد بووندایە".
بڵند ئیبراھیم




