هۆشیار سیوەیلی، وتاری پارتی لە كۆنفڕانسی ساڵانەی (ئایكاپ) پێشكەش كرد

هەولێر-KDP.info- رێكخراوی (ئایكاپ) كۆنفرانسی ساڵانەی خۆی ئەنجام دا و تێیدا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانیش وتارێكی دەربارەی ڕەوشی ئێستای ناوچەكە و پەیوەندی لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی ئاسیادا، پێشكەش كرد.
ئایكاپ ڕێكخراوێكی نائایدۆلۆژی سیاسییە، كە زیاتر لە ٣٥٠ پارتی سیاسی لە ٥٣ وڵاتی ئاسیا ئەندامن تێیدا و پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە نێویاندا، بەمەش دەبێتە گەورەترین ڕێكخراوی سیاسی لە ناوچەكەدا، كە بووەتە چەتری كۆكەرەوەی پارتە سیاسییەكانی ئاسیا.
كۆنفرانسی ساڵانەی ئەم ڕێكخراوە لە یەكێك لە وڵاتانی ئاسیا ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەمساڵ لەڕێگای ئۆنڵاینەوە ئەنجام درا. سەرەتا سەرۆكی ڕێكخراوی ناوبراو (جۆس دی ڤانیسیا)، وتارێكی بۆ یادی بیست ساڵەی ئەو ڕێكخراوە پێشكەش كرد و پیرۆزبایی لە تەواوی ئەندامان و دامەزرێنەرانی كرد و ڕایگەیاند، ئایكاپ هەنگاوێكی باشی بڕیوە و بووەتە چەتری كۆكەرەوەی پارتە سیاسییەكانی ئاسیا و دروستكردنی پەیوەندییەكی باشتر و بەهێزتر و هەماهەنگیی زیاتر، كە ئەمەش ئامانجی سەرەكیمان بوو.
پاشان بەڕێز (بیونگ جەی) سكرتێری گشتیی ئایكاپ، وتاری ساڵانەی خوێندەوە و دەستخۆشی لە ئەندامان و بەشداربووان كرد، جەختی لەسەر بەردەوامی و پێویستیی ئایكاپ كردەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە پردێكی بەهێزتر بۆ نزیككردنەوەی گەلان و وڵاتانی ئاسیا لە ڕێگای پارتە سیاسییەكانەوە و دابینكردنی ئارامی و هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری، تاكو ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و نزیكبوونەوەمان لە یەكتر.
بەڕێز (هۆشیار سیوەیلی) بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، وتاری پارتی پێشكەش كرد و سەرەتا بە ناوی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە دامەزرێنەر و سكرتێری و ئەندامانی ئایكاپ كرد و پشتیوانیی تەواوی پارتی بۆ بەرەوەپێشەوەبردن و بەردەوامیی ئەو ڕێكخراوە دووپات كردوە.
بەڕێز (سیوەیلی) باسی لە ڕەوشی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ ئامادەبووان كرد و ڕایگەیاند، كە نزیكەی مانگێك بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێدەپەڕێت، بەڵام تاكو ئێستا هیچ رێككەوتێك نەكراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكوومەتی فێدراڵ.
بەشێكی دیكەی وتاری پارتی پەیوەست بوو بە ئاڵۆزیی سیاسی و سەربازی لە عێراق و ناوچەكە، كە كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر پڕۆسەی سیاسی و ئاسایشی وڵات هەیە، ڕاشیگەیاند كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە كاری لەپێشینەی دابینكردنی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بۆ هەرێمی كوردستان و هەماهەنگی و هاوكاریی عێراق بۆ دەرچوون لە بارودۆخی ئێستای.
دوایین پێشهات و قەیرانەكان، كە ڕووبەڕووی گەلانی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بوونەتەوە، بابەتێكی دیكەی وتاری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو. (هۆشیار سیوەیلی) بە گرنگی زانی كە پارتە سیاسییەكانی نێو ئایكاپ هەماهەنگی زیاتر بكەن و هاوكاریی حكوومەتەكان بكەن، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك بتوانین ژیانێكی شایستەتر و خۆشگوزەرانتر دابین بكەین بۆ نەتەوە و وڵاتەكانمان.
گفتوگۆ لەسەر هاوكاریی زیاتری وڵاتان بۆ پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشێكی دیكە ئەو كۆنفرانسە بوو و زۆری پارتەكانی نێو ئایكاپ داوایان كرد كە هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە و وەرگرتنی ڤاكسین وەكو چارەسەرێك بۆی. تەواوی پارتە سیاسییەكانی ئاسیا گرنگی ڕۆڵی ئایكاپیان بەرز نرخاند لە نزیككردنەوە و بەهێزبوونی پەیوەندییەكانیان و جەختیان لە بەردەوامی و هەماهەنگیی زیاتر كردەوە لە ژێر چەتری ئەو ڕێكخراوەدا بۆ خزمەتی زیاتری پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و پیشەسازی و پەروەردەیی و كەلتووریی وڵاتانی ئاسیا.




