مەكتەبی پارتی لە قاهیرە میوانداریی كۆمەڵیك قوتابیی كورد دەكات

قاهیرە-KDP.info- بە بۆنەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن، مەكتەبی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وڵاتی میسر، بە ئامادەبوونی جێگران و كارمەندانی كۆنسووڵخانەی عێراق لە قاهیرە و دكتۆر محەمەد ئەبو كەلل، بەرپرسی پەیوەندییەكانی عەرەبی رەوتی حكیمە، ئێوارەخوانێكی بۆ كۆمەڵێك قوتابیانی كوردستان و عێراق لە زانكۆكانی قاهیرە ساز كرد.
شێركۆ حەبیب، بەرپرسی مەكتەبی پارتی لە وڵاتی میسر، وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەو چاوپێكەوتنە، كە دوای ماوەیەك بە هۆی كۆرۆناوە چالاكییەكان راگیرابوون.
حەبیب، سوپاسی ئامادەبووانی كرد و لە درێژەی ئاخاوتنەكەشیدا ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی قوتابیان كرد بۆ ئایندەی وڵات، كە هەردەم قوتابیان هەڵگری مەشخەڵی زانست و شۆڕش بوون، بۆیە گرنگە قوتابیان لە وڵاتێكی وەك میسر، ئاسانكارییان بۆ كراوە، بە تایبەتی قوتابیانی كورد، هیواشی خواست بتوانن بە بڕوانامەی بەرزەوە بگەڕێنەوە وڵات.
بەرپرسی مەكتەبی پارتی لە وڵاتی میسر گوتیشی: "ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بێ هاوكاریی سەرجەم قوتابیان دەكەین و هەر گرفتێك هەبێ بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراقی چارەسەری دەكەین". هەروەها سوپاسی كاربەدەستانی وڵاتی میسریشی كرد بۆ هاوكاری و هەماهەنگی.
لای خۆیەوە، دكتۆر حازم، جێگری كۆنسووڵی عێراقی سوپاسی مەكتەبی پارتی كرد لە قاهیرە بۆ ئەو ئێوارەخوانە و هیوای سەركەوتنی بۆ قوتابیان خواست. ئەوەشی خستە روو كە دەرگای باڵیۆزخانە كرایەوە بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی عێراقی بە بێ جیاوازی و، دووپاتی كردەوە كە هەر گرفت و كیشەیەك هەبێ، ئامادەن چارەسەری بكەن.




