لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٥ هەزار کارگە کار دەکەن

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٥ هەزار کارگە ھەیە و ئەوانەی لە کاریش کەوتوون، ھەوڵ دەدەن دەست بە کار بکەنەوە و رۆژانەش بۆ دروستکردنی کارگەی نوێ مۆڵەتی تازە دەدرێت.
فەتحی مەجید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان ٤ هەزار و ٩٥٠ کارگە ھەن کە کار دەکەن و ھەزار و ٦٠٠ کارگەش لە کار وەستاون، بۆیە نیازمان وایە ئەوانیش بەکار بخرێنەوە، بەڵام ھەندێکیان خۆیان نایانەوێت دەست بە کار بکەنەوە، لەبەر ئەوەی ڕەنگە ھەندێکی نەتوانێ کێبڕکێی کەلوپەلی ھاوردە بکات و ڕەنگە کێشەی خۆشیان ھەبێت بە ھۆی قەیران و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار".
راوێژکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "ئەوەی بیەوێت دەست بە کار بکاتەوە، ھاوکاریی دەکەین و کارگەکانیش لە ھەموو بوارێکدان و تەنھا یەک بوار نییە، بەڵام زیاتر کەلوپەلی ناوماڵ و بیناسازین و کارگەکانیش مامناوەندی و گەورەشن".
گوتیشی، رێنمایی ھەیە و ناوە ناوەش نوێ دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی ئاسانکارییان بۆ بکرێت و رۆژانەش مۆڵەتی نوێ بۆ دروستکردنی کارگەی نوێ دەدرێت.
بڵند ئیبراھیم




