٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وه‌زاره‌تی پێشمەرگە بۆ KDP: داعش ھەر بە تاکتیکی پێشوو ھێرش دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جووڵەی تیرۆریستانی داعش بەرامبەر پێشمەرگە زیادی کردووە و جێگری سوپاسالاری پێشمەرگەش دەڵێ، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ژمارەی داعشەکان روو لە زیادبوونە و تا بۆشایی ئەمنی بمێنێت، داعش ھەر ھێرش دەکات.

لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو، جووڵە و ژمارەی چەکدارانی داعش زیادی کردووە، تا ئەو بۆشاییە ئەمنییەی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکانیش ھەبێت، چەکدارانی داعش جووڵە و ھێرشیان دەبێت، بەڵام ناردنی ئەو دوو لیوایەی دامەزراون، ھەندێ کاریگەرییان دەبێت لەسەر پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی، بەڵام بەشی ھەموو ناوچەکەش ناکات.

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە دەشڵێت، ھێرشەکانی رۆژانی رابردووی چەکدارانی داعش بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە تەنیا چەند چەکدارێک بوونە، واتە داعش ھیچ ناوچەیەکی بەدەستەوە نییە، بەڵام دەیەوێ بە ھەر قەبارەیەک ھەبێت ھەبوونی خۆی بەدیار بخات، ھەر بە تاکتیکی پێشوو داعش ھێرش دەکات و بە مەفرەزەی بچووک جووڵە دەکات.

شێخ کەمال روونیشی کردەوە: "ھاوکاریی ھاوپەیمانان بەردەوامە بۆ ھێزی پێشمەرگە و بەردەوام پێکەوە کار دەکەین، بەڵام لە ئێستادا ھیچ چالاکییەکی ئەوتۆیان دژی داعش نییە وەک پاڵپشتیی ئاسمانی، ئەوەش پەیوەستە بە داعشەوە، لە ھیچ ناوچەیەک ئەوەندە داعش پێکەوە نەماون تا ھێزی ئاسمانی بەکار بێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار