سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی، ههنگاوهكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ئاشكرا دهكات

ھەولێر-KDP.info- عەبدولحەكیم خەسرەو، سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی ڕایگەیاند دۆسیەی شەھیدانی شەڕی دژ بە داعش تەواو بووە دۆسییەكانیان گوازراوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و دەشڵێت ھاوكارییەكانی ھاوپەیمانان بەستراوەتەوە بە جێبەجێكردنی چاكسازییەكانەوە.
عەبدولحەكیم خەسرەو، سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی لە كۆنفراسی خستنەڕووی چوارەمین راپۆرتی چاودێری و ھەڵسەنگاندنی ھەنگاوەكانی چاكسازیی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕایگەیاند: "جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەردەوامە و ئێستا دۆسیەی شەھیدانی شەڕی دژی داعش تەواو بووەو چووەتە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری".
لەبارەی چاكسازی و یەكخستنەوەی یەكەکانی٨٠و ٧٠وە ڕایگەیاند: "ڕاستە تاڕادەیەک جێەجێكردنی یاسای چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە سستە، ئەویش پەیوەستە بەو چاكسازییانەی كە ھاوپەیمانانیش بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە ھەیانە و ھەردوو ھاوتەریبە و دەبێت ئەوەش بزانین ھاوكارییەكانی ھاوپەیمانان پەیوەستە بە جێبنەجێكردنی یاسای چاكسازییەوە".
لەبارەی كۆدی بێ ھاوتا بۆ ھێزەكانی پێشمەرگەوە عەبدولحەکیم خەسرەو گوتیشی: "لەم ھەفتەیە دەست دەكەین بە دروستكردنی كۆدی بێ ھاوتا بۆ 46 ھەزار پێشمەرگە لە لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە".
لەبارەی چاكسازییەكان لە دۆسیەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان گوتی: "لەم بوارەشدا چاكسازی كراوە و ئێستا 87 كەس سوودمەندی وەرگرتنی منحەن لە وەزارەتی كار و 14 ھەزار كەس نایاسایی بوون و مووچەكانیان بڕاوە و دەبێت كەسی نوێ لە شوێنیان دابنرێت".
لەبارەی وەرگرتنەوەی قەرزی كۆمپانیاكان، سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی ڕایگەیاند: "تا ئێستا نۆ ملیار دینار وەرگیراوەتەوە و پرۆسەی گواستنەوەی رەھنی ئەو كۆمپانیا و بازرگانە قەرزارانە كاری لەسەر دەكرێت کە بگوازرێتەوە سەر وەزارەتی دارایی".




