٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری پارێزگار بۆ KDP: ١٤٠ پڕۆژە لە هەولێر ئەنجام دراون

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر ئاشکرای کرد، ئەمساڵ لە شاری ھەولێر ١٤٠ پڕۆژە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە و سەرجەمیشیان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەشێکیان کۆتاییان ھاتووە و بەشێکیشیان لە قۆناغی کۆتاییدان.

مەسعوود محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بۆ ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی ١٤٠ پڕۆژە داوە، بۆ ئەوەی لە پارێزگای ھەولێر جێبەجێ بکرێن، کە ھەموو سێکتەرەکان لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەت ٢٧ ملیار دیناری بۆ ئێمە تەرخان کردووە و ئێستاش سەرجەم پڕۆژەکان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە".

محەمەد گوتیشی: "پڕۆژەکان ئێستا بەشێکی تەواو بوونە و بەشێکیشیان لە قۆناغی کۆتاییدان، هەروەها بەشێکی دیکەشیان کە ماوەکەیان زۆرە، کاری بەردەوامیان تێدا دەکرێت، بۆیە پڕۆژەکان بە شێوەیەکی زۆر باش جێبەجێ دەکرێن و ھیچ بەربەستێکمان لەپێش نییە و پارەشیان بۆ تەرخان کراوە".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "ئەو پڕۆژانە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی شاری ھەولێر زۆر گرنگن، چونکە پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە ھەیە، ئێمەش بە ھەموو توانایەکەوە خزمەتی خەڵکی خۆمان دەکەین، چونکە ئەو پڕۆژانەی ئەنجام دراون، لە ھەموو بوارەکاندان، کە خەڵک پێویستی پێیان ھەیە".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار