٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی دارایی: ھەنگاوەکەی حکوومەتی ھەرێم خەرجییەکان کەم دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نووسراوی بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە کە ھەرکەسێک دوو مووچەی لە دوای مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووەوە وەرگرتبێت، لێی وەردەگیرێتەوە، ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت، ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە و خەرجییەکانی حکوومەت کەم دەکاتەوە، چونکە خەرجیی زیاتری حکوومەت بۆ مووچە دەچێت و دەبێتە ھۆی ئەوەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیش زیاتر بێت.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی داراییدا ھاتووە، بەپێی مادەی ١٤ لە یاسای چاکسازی ژمارە ٢ی ٢٠٢٠ کە ناورۆکەکەی ئەو کەسانە دەگرێتەوە وا لە پێش ١/٧/٢٠٢٠ دوو مووچەیان وەرگرتووە و یەکێک لە مووچەکانیان ڕادەگیرێت و تەنھا ئەو مووچەیە وەردەگرن کە خۆیان ھەڵیانبژاردووە و ھەر مووچەخۆرێک لە دوای ١/٧/٢٠٢٠ دوو مووچەی وەرگرتبێت، مووچە زیادەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و تەنھا یەک مووچە وەردەگرێت.

لەم بارەیەوە، ئەرشەد حوسێن، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''خۆی حکوومەت پێشتر ئەو ھەنگاوەی نابوو لە بایۆمەتری کە ئەوەی زیاتر لە یەک مووچەی ھەبوو، بڕدرابوو و ئێستا ئەو بڕیارە دراوە و ئەوەش ھەنگاوێکی زۆر باشە و خەرجیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە، چونکە زۆربەی خەرجییەکان بۆ مووچە دەچێت، ئەمە هەم وا دەکات دوو مووچە نەمێنێت و هەم  خەرجییش کەم بێتەوە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی زیاتر بێت.

ئەرشەد حوسێن گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی زیاتر لە مووچەیەکی ھەبوو، ڕایگرتووە و بڕیارە ڕاپۆرتی سێیەمیش بۆ ئێمە بێت لەبارەی یاسای چاکسازییەوە و ئەو ڕاپۆرتە وردەکاریی زۆر باشی تێدا دەبێت، بۆیە بڕیارە حکوومەت بۆ پەرلەمانی ڕەوانە بکات، ئێمەش لە چاکسازییەکان ئاگادار بین.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار