حکوومه‌ت سه‌رقاڵى پرۆژه‌یاسایه‌کى گرنگه

هەولێر-KDP.info- سه‌رۆکى لیژنه‌ى ته‌ندروستیى په‌رله‌مان ده‌ڵێت، ئێستا وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى حکوومه‌تى هه‌رێم سه‌رقاڵى ئاماده‌کردنى پرۆژه‌یاسای بیمه‌ى ته‌ندروستییه و له‌دواى ته‌واوبوونى بڕگه و مادده‌کانى ده‌چێته ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و پاشان به‌مه‌به‌ستى په‌سه‌ندکرنى ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مان ده‌کرێت.
د. سه‌باح مه‌حموود، سه‌رۆکى لیژنه‌ى ته‌ندروستیى په‌رله‌مانى کوردستان، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "بوونى بیمه‌ى ته‌ندروستى ڕێگایه‌کى گرنگه بۆ پێشخستنى که‌رتى ته‌ندروستى، ئێستا لە زۆربه‌ى ولاتان ئه‌م بیمه‌یه به‌رده‌سته و کارى پێ ده‌کرێت، بوونى پرۆژه‌یه‌کى له‌م شێوه‌یه گرنگه، چونکه ده‌بێته هۆى که‌مکردنه‌وه‌ى بارگرانى له‌سه‌ر نه‌خۆش و به نرخێکى ڕه‌مزى چاره‌سه‌رى بۆ دەکرێت، ته‌واوى سیستمى ته‌ندروستیى جیهانى پشتگیرى لەو بیمه‌یه ده‌کات".
گوتیشى: "وه‌ک لیژنه‌ى ته‌ندروستى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له هه‌ماهه‌نگیداین و بۆچوونى لیژنه‌که له‌و بارەیە‌وه به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت، تا ئێستا ڕون نییه که پرۆژه‌یاسا‌که له چه‌ند بڕگه و مادده پێک هاتووه به‌ڵام به‌دڵنیاییەوە پرۆژه‌کە له خزمه‌تى نه‌خۆش ده‌بێت".
سه‌رۆکى لیژنه‌ى ته‌ندروستى ڕونیشى کرده‌وه: "بێگومان پرۆژه‌که هاوشێوه‌ى ئه‌و پرۆژه‌یاسایه ده‌بێت که له ته‌واوى دونیا هه‌یه و کارى پێ ده‌کرێت".
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د




