د.جەعفەر ئیبراھیم و كونسووڵی ژاپۆن کۆمەڵێک پرسی ستراتیژیان تاوتوو کرد

هەولێر-KDP.info- دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم سەرۆکی دەستەی راوێژکاران لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئاراكاوە میكیهیرۆ، كۆنسووڵی گشتیی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان كرد و لە دیدارێكدا پرسگەلێك خرانە بەرباسەوە، كۆنسووڵی ژاپۆنیش رایگەیاند، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی و دارایی بۆ گەلی كوردستان.
سەرۆکی دەستەی ڕاوێژكاران لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئیمێنكی، بەخێرهاتنی بەڕێز ئاراكاوە، كۆنسووڵی گشتیی ژاپۆنی لە هەرێمی كوردستان كرد و سوپاسی حكوومەتی ژاپۆنی كرد بۆ هاوكاریی بەردەوامی گەلی كوردستان و عێراق.
بەشێكی ئەو دیدارە، پەیوەست بوو بە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجام و پێشهاتەكانی، بەڕێز ئیمێنكی پێزانینی گەلی كوردستانی پیشان دا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران.
بەرپرسی دەستەی ڕاوێژكاران ڕایگەیاند: "لەگەڵ كۆتایی هەڵبژاردن و دەركەوتنی ئەنجامەكان، پێویستە بە چاوی بابەتیانە لە ئەنجام و هەم لە پێشاتەكانیش بڕوانین. سەرەتا لەگەڵ كەمیی ڕێژەی بەشداری پرۆسەكەدا، بەڵام هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو بووە و تاڕادەیەكی باش پاكترین هەڵبژاردنە تاكو ئێستا ئەنجام درابێت لە عێراقدا، ئەمەش لە ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەردەكەوێت، ئێمە دڵخۆشین بەو سەركەوتن و پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە".
دەربارەی پێشهاتەكان، ئیمێنكی دووپاتی لە پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزاری كردەوە، كە بتوانێت لە ئاست پێداویستیی قۆناغەكە و چاوەڕوانیی گەلی عێراقدا بێت.
بەڕێزیان جەختی لەوە كردەوە كە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەیەك بۆ لایەنە كوردستانییەكانی بەشدرابوو لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساز دەكات، بە ئامانجی یەكڕیزی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئامادەكاری بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی فیدراڵ.
گوتیشی: "ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە ئەوەیە، ئەو لایەنانەی كە دەنگی پێویستیان هێناوە و ئەندامیان هەیە، تەئكید لە یەكڕیزی و ماف و داخوازییەكانی گەلی كوردستان دەكەنەوە، بەشداریی ئێمەش پەیوەستە بە جێبەجێكردنی دەستوور و بەشداریی ڕاستەقینە و هاوسەنگی".
بەشێكی دیكەی ئەو دیدرارە، سەبارەت بە دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە بوو، كە كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر پڕۆسەی سیاسی و ئاشتی لە ناوچەكەدا هەیە.
ئیمێنكی ئاماژەی بەوەش دا، كە هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی سەرەكیی سەقامگیری و ئاشتی و بەرەوپێشەوەچوونی ناوچەكە و عێراقە و گوتی: "كاری لەپێشینەشمان ئەوەیە كە ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت و گەشە بسەنێت. پێشكەوتن و دابینكردنی خۆشگوزەرانی لە ناوچەكەدا بە گشتی، پەیوەستە بە تێگەشتن و قبووڵكردنی جیاوازییەكان و كاری پێكەوەیی، نەك دژایەتی و شكاندنی یەكتر و هێرشكردنە سەر سەروەرییەكان و پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتان و یاسا نێودەوڵەتییەكان".
بەڕێز ئاراكاوە میكیهیرۆ، كۆنسووڵی گشتیی ژاپۆن، سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و سەرەخۆشیی خۆی بۆ شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی قارەمان ڕاگەیاند و گوتی، كاری لەپێشینەی هەمووان پێویستە بەرگری بێت لە ئاشتی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.
بەڕێز میكیهیرۆ ڕایگەیاند، كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی و دارایی بۆ گەلی عێراق و كوردستان، هیواشی خواست كە سەركردایەتیی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان بتوانن هەماهەنگیی زیاتر و پێویست بكەن، تاكو بتوانن ژیانێكی شایستەتر بۆ گەلانی عێراق و هەرێمی كوردستان دابین بكەن.




