٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پرۆژه‌کانى کابینه‌ى نۆیه‌م له‌ پارێزگاى سلێمانى

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت، له‌ کابینه‌ى نۆیه‌مدا حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان چه‌ندین پرۆژه‌ى ستراتیجیى له‌ پارێزگاى سلێمانى جێبه‌جێ کردووه‌ که‌ هه‌ندێکیان ئێستا له‌ قۆناغى جێبه‌جێکردندان و کاری به‌شێکی دیکه‌شیان کارکردن گه‌یشتووەته‌ قۆناغى کۆتایی، به‌ده‌ر له‌وه‌ هه‌ر له‌م کابینه‌یه‌دا و چه‌ند مانگ پێش ئێستا حکوومه‌تى هه‌رێم بڕى ٢٤ ملیار دینارى دیکه‌ى بۆ پارێزگاکه‌ ته‌رخان کرد که‌ ڕۆڵى گرنگى هه‌بوو له‌ دووباره‌ سه‌رپێخستنه‌وه‌ى پرۆژه‌ وه‌ستاوه‌کان و هاوشانى ئه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک پرۆژه‌ى نوێى دیکه‌ که‌وتنه‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌.

زیاد کاکه‌ ڕه‌زا، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "کابینه‌ى نۆیه‌م هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌کاربوونییه‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى قه‌یرانى دارایى که‌ به‌رۆکى گرتبوو، هه‌میشه‌ چۆن له‌ هه‌وڵى دابینکرنى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى کوردستاندا بوو، به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ ‌خه‌مى ئه‌وه‌دا بوو که‌ پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى له‌ ته‌واوى پارێزگاکان جێبه‌جێ بکات، ئه‌گه‌ر پارێزگاى سلێمانى به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین، ده‌بینین ئە‌مساڵ ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژە جێبەجێ کراون کە بریتین لە به‌ردى بناغه‌ى شه‌قامى سه‌دمه‌ترى که‌ ‌یه‌کێکه‌ له‌ ‌پرۆژه‌ ستراتیژییه‌کانى پارێزگاکە و‌ پردى ده‌ربه‌ندى ڕانیه‌ له‌ ئیداره‌ى ڕاپه‌ڕین و، به‌دووسایدکرنى به‌شێک له‌ ڕێگه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى سنووره‌که‌ و ته‌واوکردنى ڕێگاى که‌لار-سلێمانى که‌ به‌ده‌ر له‌ و 55 ملیار دیناره‌ى که‌ بۆى ته‌رخان کرابوو، دووباره‌ بڕه‌ پاره‌یه‌کى دیکه‌ى بۆ ته‌رخان کراوه‌ و ئێستا کارکردن به‌ شێوه‌یه‌کى باشتر له‌ جاران تێیدا ده‌ستى پێ کردووەته‌وه‌ و پرۆژه‌ى دووسایدى ڕانیه‌-سلێمانى و پرۆژه‌ى ئاوى سلێمانى و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیى ئاوى پارێزگاکه‌ و چاره‌سه‌رکردنى گرفتى که‌میى ئاوى خواردنه‌وه‌ له‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ و بڕیارى دروستکردنى دوو تونێلى دیکه‌ له‌ قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان و، دروستکردن و به‌دووسایدکردنى ڕێگاى کفرى-که‌لار، کە جێبه‌جێکرنى ئه‌م پرۆژانه‌ ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه‌ که‌ کابینه‌ نۆیه‌م سه‌ره‌ڕاى له‌مپه‌ره‌کانى به‌رده‌مى مه‌به‌ستى بووه‌ و توانیویه‌تى به‌بێ جیاوازى کار بۆ بووژاندنه‌وه‌ و پێشخستنى ته‌واوى پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکان له‌ هه‌رێمى کوردستان بکات".

گوتیشى: "ئه‌مه‌ چه‌نده‌مین جاره‌ حکوومه‌تى هه‌رێم پاره‌ بۆ پرۆژه‌کانى سلێمانى ته‌رخان ده‌کات، ته‌رخانکرندنى ئه‌و پاره‌یه‌ى ئێستاش که‌ بڕه‌که‌ى (٢٤ ملیار) دیناره‌ و ئاماژه‌م پێ کرد، هه‌نگاوێکى گرنگ بوو به‌ ئاراسته‌ى ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌ وه‌ستاوه‌کان و جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌ى نوێ، به‌تایبه‌ت ئه‌و پرۆژانه‌ى که‌ ئێستا پێویستن بۆ هاووڵاتییان که‌ ده‌توانرێت خزمه‌تێکى باشى هاووڵاتییانى خۆشه‌ویستى پارێزگاکه‌یان پێ بکرێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى که‌ له‌ ڕێگه‌ى ئه‌م پرۆژه‌ نوێیانه‌وه‌ ده‌توانرێت سه‌دان هه‌لى کار بۆ گه‌نجان و بێکاران بڕه‌خسێنرێت و له‌ هه‌مان کاتیشدا وا ده‌کات بازاڕه‌کان بووژانه‌وه‌ى تێ بکه‌وێت و گه‌شه‌ى ئابوورى خێراتر بکات، چونکه‌ جێبه‌جێکردنى هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک پێویستیى زۆرى به‌ مه‌واد و  که‌ره‌سه‌ى خاو هه‌یه‌ بۆ ته‌واوکردنى.

سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى ڕوونیشى کرده‌وه‌: ''له‌ بودجه‌ى گشتیى عێراق (٢٠٢١) بڕى چوار تریلیۆن دینار بۆ پاره‌پێدانى پارێزگاکانى عێراق ته‌رخان کراوه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پارێزگاکانى کوردستان به‌رکه‌وته‌ى خۆیان ده‌بێت، ئه‌وکاتیش وه‌ک ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ستیان کراوه‌تر ده‌بێت بۆ جێبه‌جێکرنى پرۆژه‌ى نوێ، به‌تایبه‌ت ئه‌و پرۆژانه‌ى خه‌ده‌مین و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ ژیانى هاووڵاتییانه‌وه‌ هه‌یه‌".


ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د

 

هەواڵی پەیوەندیدار