پشتێنەیەكی پاراستن لە دەوروبەری ھەولێر دروست دەكرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی كوردستان گوتی، چارەسەری سەرجەم ئەو كێشانە دەكرێت كە لە ئاوەڕۆكانی ھەولێر ھەن، بە تایبەت لەو شوێنانەی لافاوی لێ دروست بووە، بۆیە پشتێنەیەكی پاراستنیش لە دەوروبەری ھەولێر دروست دەكرێت، بۆ ئەوەی چیتر لافاو لە ھەولێر دروست نەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی مەیدانی پێك هێنراوە.
ئاری ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لیژنەیەكی مەیدانی دروست كراوە لە پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆكانی ھەرێم و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆكانی ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی ھەولێر، تا چارەسەری كێشەی ئاوەڕۆی ئەو شوێنانە بكرێت كە لافاوی لێ ھەڵساوە و ئەو كەندانەی لەوێ ھەن، خاوێن بكرێنەوە و رێڕەوەكانیش ئەگەر تێك چوون، چاك بكرێنەوە، لەگەڵ دروستكردنی پشتێنەیەكی پاراستنی ھەولێر بۆ رێگریكردن لە لافاو، كە ئەو بارانەی دەبارێت و ئاوەكەی بەرەو ھەولێر دێت، رێگریی لێ بكرێت، وەكو كەندی كۆرنیشی ھەولێر كە لە ساڵی ١٩٧٠دروست كراوە، ھاوشێوەی ئەوە دروست بكرێت، ئینجا لە دەرەوەی شەقامی ١٥٠مەتری بێت یان لە پشتێنەی سەوزی ھەولێر.
ئەحمەد گوتیشی، جگە لەوەش دروستكردنی ئاوەڕۆ بۆ ئەو شوێنانەی كە ئاوەڕۆكانیان كەموكوڕییان ھەیە لە وەرگرتنی ئەو ئاوەی بە كەندەكاندا دێت و گواستنەوەی بۆ دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوون لە دەرەوەی ھەولێر.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئێستا دیراسەی پرسەكە دەكرێت و دواتر بە دەرخستەیەك ئاراستەی پارێزگای ھەولێر دەكرێت، بۆ ئەوەی بیدەن بە ئەنجومەنی وەزیران و رەزامەندی لەسەر بدرێت و چیتر لافاوی لەو شێوەیە لە ھەولێر دووبارە نەبێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




