٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تاڵەبانی: گرتنی مامۆستایانی کورد لەسەر ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان درێژەپێدەری سیستمی بەعسە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی  ئیدارەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوەی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک دەکرێت، درێژەپێدەری سیستمی بەعسە، بۆیە پێویستە لیژنە ھاوبەشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا ئەو کێشانە چارەسەر بکەن و چیتر رێگە نەدرێت بەو شێوەیە دژایەتیی کورد بکرێت.

رێبوار تاڵەبانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ھەڕەشەکردن و گرتنی مامۆستایانی کورد لەسەر ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان، کارێکی نایاسایی و نادەستوورییە، چونکە ئاڵای کوردستان فەرمییە و لە دەستووردا ھاتووە و لە پەرلەمانی کوردستانیش پەسەند کراوە، بۆیە ئاڵای کوردستان ئاڵایەکی بێگانە نییە ھەڵواسرابێت، کە لە عێراق ئاڵای بێگانە ھەڵدەواسرێت، لە ئەنجومەنی پارێزگاش دەنگی لەسەر دراوە و لە دادگای فیدراڵیش کەیسەکەمان بردووەتەوە، کە ئاڵای کوردستان فەرمییە، بۆیە ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، نافەرمی و نادەستوورین، لەبەر ئەوە پێویستە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و ئەوەی ئەو کارەی کردووە، رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر.

تاڵەبانی گوتیشی، ھێرشکردنە سەر گوندەکانی کوردیش، درێژەپێدەری سیستمی بەعسە، کە ئیدارەی کەرکووک و پارێزگاری کەرکووک بەو کارە ھەڵدەستن و وادەکەن عەرەبی ھاوردە ھێرشی سەر کورد بکەن، بۆیە پێویستە سێ لیژنەی ھاوبەشی نێوان ھەرێم و بەغدا کە سیاسی و یاسایی و ئەمنین، بە زووترین کات بێنە سەر هێڵ و ئەو کێشانە چارەسەر بکەن.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، دەزانن حکوومەتی ئێستا کاربەڕێکەرە، بۆیە ئەوەیان بە فرسەت زانیوە کە زۆر دەسەڵاتی نییە، لەبەر ئەوە دژایەتیی کورد دەکەن، بەڵام بە گشتی پێویستە ئەوانیش بێنە سەر خەت و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە ئێستا حکوومەت دەسەڵاتدارە و ئەرکی ئەوانە ئەو کێشانە چارەسەر بکەن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار