"لە شێخان ئەو گوندانەی بەر شاڵاوی تەعریب کەوتوون، پڕۆژەیان بۆ دابین دەکرێت"

شێخان -KDP.info- لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەگەیەندرێتە ژمارەیەک گوندی سنووری قەزای شێخان و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی شێخان دەڵێت، لە سەردەمی بەعسەوە ئەو گوندانە پشتگوێ خراون و خەڵکەکەیشی تەعریب کراوە.
خالید بیبۆ، سەرپەرشتی پڕۆژەکانی قەزای شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە گوژمەی دوو ملیار دینار کار بۆ دروستکردنی ڕێگای ژمارەیەک گوندی سنووری ناحیەی ئەلقۆش دەکات کە ئەو گوندانە بەر لە ٣٤ ساڵ چۆڵ کراون و خەڵکی ئەو گوندانە بۆ کۆمەڵگەیەکی زۆرەملێ گوازراونەتەوە و بەر شاڵاوی تەعریب کەوتوون.''
سەرپەرشتی پڕۆژەکانی قەزای شێخان دەڵێت: "دوای تەواوبوونی ڕێگای ئەو گوندانە دووبارە ژیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە چەند قۆناغێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەگەیەنێتە ناوچەکە.''
خالید بیبۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لەڕووی یاساییەوە ئەرکی حکوومەتی عێراقە لەسەر بودجەی پارێزگای نەینەوا خزمەتگوزاری پێشکەش بەو ناوچەیە بکات، بەڵام بەھۆی خەمساردیی حکوومەتی بەغداوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەرکی گەیاندنی خزمەتگوزاریی لە ئەستۆی خۆی گرتووە.''
قائید میرۆ




