٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دۆسکی: کار دەکرێت بۆ دانەوەی قەرزی بەڵێندەران

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک -KDP.info- سەرۆکی لقی دھۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان گوتی، حکوومەت لە سنووری دھۆک ژمارەیەکی زۆری پڕۆژەکانی داوە بە بەڵێندەران و کەوتوونەتەوە کار و کار دەکرێت بۆ ئەوەی قەرزی بەڵێندەرانیش کە لای حکوومەتە بگەڕێتەوە کە نزیکەی ٢٣٠ ملیار دینارە، چونکە لە سنووری دھۆک نزیکەی ٨٠٠ بەڵێندەر ھەیە.

زیرەک دۆسکی، سەرۆکی لقی دھۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی بەھۆی قەیرانەکانەوە پڕۆژەدان بە بەڵێندەران وەستابوو، جارێکی دیکە حکوومەت پڕۆژە بە بەڵێندەران دەداتەوە و بەتایبەت لەم کابینەیەدا حکوومەت ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی لە ھەموو سێکتەرەکاندا بە بەڵێندەران داوە، لەوانە ڕێگای ناوخۆ و ڕێگای گوندەکان و ئاو و سێکتەری دیکەش پڕۆژە بە بەڵێندەران دراون، بۆیە ئێستا بەڵێندەران جارێکی دیکە کەوتوونەتەوە کار و دۆخەکە زۆر باشە.''

زیرەکی دۆسکی گوتیشی: ''کۆی گشتیی پارەی قەرزی بەڵێندەران لای حکوومەت نزیکەی ٢٣٠ ملیار دینارە، بڕیارە لەگەڵ پارێزگاری دھۆک کۆ بینەوە و داواکاریی ئێمە بگەیەنێتە حکوومەت بۆ دانەوەی قەرزەکان'' .

دۆسکی ئەوەشی گوت: ''لە سنووری پارێزگای دھۆک ئێمە نزیکەی ٨٠٠ بەڵێندەرمان ھەیە و بەشێکی زۆریان دەستیان بەکار کردووەتەوە و بەشێک ماون و چاوەڕێ دەکەن پارەیان بۆ سەرف بکرێت، تاکوو ئەوانیش دەست بەکار بکەنەوە.''

ڕوونیشی کردەوە: ''ھەوڵ دەدەین لەم ھەفتەیەدا کۆبوونەوەیەک بکرێت لەگەڵ پارێزگار و داواکاریی ئێمە بگەیەنێتە سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەوەی قەرزی ئێمە بگەڕێنێتەوە، مانگانە بێت، یان بە ھەر شێوەیەک بێت، بۆیە داواکاریی خۆمان ئاراستەی سەرۆکی حکوومەت دەکەین و ئومێدێکی زۆر ھەیە بۆ دانەوەی قەرزەکان.''

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار