پەرلەمانتارێکی پارتی: داوامان کردووە بنکەی ھەلی کار لە ھەموو ناوچەکان بکرێتەوە

هەولێر -PDK.indo- پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆچی گەنجانەوە ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە و پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتییش دەڵێت، داوامان کردووە بنکەی ھەلی کار لە ھەموو ناوچەکان بکرێنەوە.
موحسین دۆسکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەی پەیوەندیدار ڕاپۆرتێکی لەبارەی کۆچی گەنجانەوە ئامادە کردووە و پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کردووە بۆ ئەوەی بخرێتە نێو کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا بەوردی تیشک خراوەتە سەر ھۆکاری کۆچی گەنجان بۆ دەرەوە و یەکەم ھۆکاریش نەبوونی دەرفەتی کارە.''
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "ئێمە داوامان کردووە ھەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێندرێت، ئەگەر بە ڕێژەیەکی کەمیش بێت، وەک دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و ڕەخساندنی دەرفەتی کار لە کەرتی تایبەت و ھاوتاکردنی ماف و شایستەکانی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت.''
موحسین دۆسکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک سەنتەری پیشەیی ھەن سەر بە حکوومەتن، ئێمە داوامان کردووە بنکەی دەرفەتی کار لە ھەموو ناوچەکان بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک پێویستی بە کار بێت لە ڕێگەی ئەو بنکانەوە تۆمار بکرێن، چونکە ئێستا ئەگەر خەڵک بێکاریشە شوێنێک نییە داوای کاری لێ بکات.''
قائید میرۆ




