٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری پارێزگار: زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ھەولێر قەرەبوو دەکرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر ئاشکرای کرد، سێ لیژنە بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی لافاوی ھەولێر دروست کراون، کە دواتر خەمڵاندنەکە دەکرێتە راپۆرت و حکوومەت بەپێی توانا قەرەبووی زیانلێکەوتووان دەکاتەوە.

مەسعوود محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، تا ئێستا زیانەکانی لافاوەکەی هەولێر نەزانراوە، چونکە سێ لیژنە بۆ خەمڵاندنی زیانەکان دروست کراون و کاری خۆیان دەکەن، بۆ ئەوەی بەپێی توانا حکوومەتی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قەرەبوویان بکەنەوە.

جێگری پارێزگاری هەولێر گوتیشی، بارانەکە یەکجار زۆر بووە و لە دەرەوەی پێشبنییەکان بوو، کە بارانەکە زیاتر لە دوو ناوچەی بچووک بوو لە ھەموو ھەولێر، کە ئەوانیش ناوچەکانی گوندی کۆری و شاری زێڕین بوون، بۆیە ھەڵسەنگاندن دەکرێت و ئەوکات بڕیاری لێ دەدرێت، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکرێت.

محەمەد باسی لەوەش کرد، زیاتر ھۆکاری زیانەکان ئەوە بوو کە لافاوەکە گەورە بوو، ڕەنگە ھەمووشی دیاری بکرێت، کە ئایا کەمتەرخەمی ھەبووە یان ھۆکاری دیکە بوون، ئەوانە ھەموو یەکلا دەکرێنەوە.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، لیژنەکان بەردەوامن لە کاری خۆیان و رەنگە کەمێک کاتی بوێت، بۆ ئەوەی کەس بێبەش نەبێت لە ناوتۆمارکردن و لەبیر بکرێت، بۆیە راپۆرتێکی تێروتەسەل ئامادە دەکرێت.

دەشڵێ، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکاریی ھەندێک لە خێزانەکانی کردووە و، بەشێکیشی رۆیشتوون بۆ لای کەسە نزیکەکانیان، تا کێشەکە چارەسەر دەبێت.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار