مەحما: حكوومەتی عێراق ئاگای لە شنگال نییە.. سەیدۆ: شنگالیهكان دەنگیان پێ نەدان

شنگال-KDP.info- كێشەی شنگال، ئێستا بووەتە كێشەیەكی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و بە بڕوای شارەزایان، حكوومەتی عێراق چاوپۆشیی لەو كێشەیە كردووە و نایەوێت كێشەكە چارەسەر ببێت، لەو نێوەندەشدا خەڵكی ئێزدی و ئیزدیخان باجی گەورەیان داوە، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە لەگەڵ ئەوەن كە ڕێككەوتنەكەی شنگال بكەوێتە واری جێبەجیكردنەوە بۆ ئەوەی ئێزدییان بە گرەنتیی ئەمنییەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و شارەكەش ئاوەدان بكرێتەوە.
ڕێككەوتنێكی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزاری لە نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بە ئامادەبوونی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی ڕەوشی شنگال واژۆ كراوە، كەچی تا ئێستا هیچكام لە بڕگە و بەندەكانی ئەو ڕێككەوتنە نەكەوتوونەتە واری جێبەجێكردنەوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە دیداری مێریدا ئاماژەی دا: ئەوەی كە لە شنگال دەگوزەرێت بە هۆی پەكەكەوەیە و ڕیككەوتنێكی باش لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا هەیە، بۆچی جێبەجێ ناكرێت؟ مەسەلەكە چییە؟ بەغدا زۆر باش دەزانێت یەكێك لە هۆكارەكانی جێبەجێنەكردنی ئەو ڕێككەوتنە هەبوونی پەكەكەیە، زۆر بەداخەوە لە بەغداوە پارەش بەو هێزە دەدرێت، بۆیە دەبێت زۆر بەجددی هەوڵ بدرێت تاكوو چارەسەر بكرێت.
پەكەكە و حەشدی شەعبی و هێزە بیانییەكانی تر خۆیان لە شنگال سەپاندووە و خەڵكی شارەكەش بەهۆی ئەو هێزانەوە دۆخیان خراپە، نە خزمەتگوزاری و نە ئەمنییەت لە شارەكەدا نییە. سەیدۆ چەتۆ، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنەكانی لقی شنگالی پارتی دەڵێت: "ئەو هێزانە خۆیان بەسەر شارەكەدا سەپاندووە و لە هەڵبژاردنەكانیشدا نەیانهێشت كاندیدانی پارتی بە ئازادی لە شنگال بانگەشە بكەن، كەچی خەڵكی شنگال لە كەمپەكان و لەنێو شنگالیش هەر متمانەیان بەو هێزانە نەكرد و دەنگیان پێ نەدان و هەرسێ كورسییەكەی شنگال بۆ پارتی بوو و هەرسێ كاندیدەكەی دەرچوو.''
سەیدۆ چەتۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''ئەمەش مانای ئەوەیە كە خەڵك بڕوایان بە شەرعیەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە خەڵكی شنگال هۆشیارن و دەزانن پارتی و حكوومەتی هەرێم دەتوانن دۆخی شنگال ئاسایی بكەنەوە و ئاوەدانكردنەوەی شنگال بگرنە ئەستۆ و چارەسەری بكەن و دەبێت ئەو هێزانە بە خۆیاندا بچنەوە، چونكە حكوومەتی هەرێـم و حكوومەتی عێراق ڕێككەوتنێكیان لە بەرژەوەندیی شنگالییەكاندا واژۆ كردووە بۆ ئەوەی خەڵك بە ئازادی بگەڕێنەوە ناوچەكانیان.''
شارێكی بێ خزمەتگوزاری
شنگال لە بواری خزمەتگوزارییەوە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە پشتگوێ خراوە و كاندیدێكی دەرچووی شنگال لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''حكوومەتی عێراق ئاگای لە شنگال نییە و ئەمە چەندین ساڵە نەیانتوانیوە یەك قوتابخانەش لە شنگال دروست بكەن و هەر خەریكی بەعەسكەریكردنی ناوچەكەن، كەچی لەوەشدا سەركەوتوو نەبوون و هێشتا نەیانتوانیوە شارەكە بپارێزن.''
مەحما خەلیل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەش دا كە ''یەكێك لە ئامانجەكانمان پارێزگاكردنی شاری شنگالە، چونكە شنگالییەكان دەزانن ئەوەی خزمەت بە شنگال و شنگالییەكان و ئێزدییان بكات هەر سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و ئەوان لە خەمی شنگالییەكاندان و دەیانەوێت دۆخی شارەكە ئاسایی بكەنەوە و ڕێككەوتنی شنگال ببێت بە واقع و سوورن لەسەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە.''
كـاروان باعەدری




