"کێشەی قوتابییە وەرنەگیراوەکان چارەسەر دەکرێت"
__2021_10_30_h19m22s52__HK.jpg)
بڕیارە ھەموو ئەو قوتابیانەی فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕ کردووتەوە، لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەر بگیرێن. ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاش لە پەرلەمانی کوردستان قوتابیان دڵنیا دەکاتەوە کە لیژنەی پەروەردە لەگەڵ مافەکانی قوتابیانە.
حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ئەنجامی بەدواداچوونی لیژنەی پەروەردە بۆ پرسی وەرگرتنی قوتابیان، بڕیارە ھەموو ئەو قوتابیانەی فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕ کردووەتەوە لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگیرێن، ھەروەھا ئەو قوتابیانەی نمرەیەکیان ھەیە و نمرەی ھاوشێوەیان لە کۆلیژێکی بەرزتر گەڕاوەتەوە، بۆیان ڕاست دەکرێتەوە."
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەشڵێت: " سبەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆ دەبێتەوە و داوا دەکەین کۆرسیی خوێندنی پاڕالێل کەم بکرێتەوە و لە بەرامبەردا کۆرسی بەخۆڕایی زیاد بکرێت."
حەسیبە گەردی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "حەوت ھەزار قوتابی فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕ کردووتەوە و ناویان نەگەڕاوەتەوە، ئەمە چارەسەر دەکرێت، پێشتریش لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا پشتگیریی قوتابیانی دەرچووی پۆلی ١٢ی ئامادەییی کردووە و ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی مافی قوتابیان دابین بکرێت بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان."
قائید میرۆ




