سبەی لەگەڵ وەزیر كۆدەبینەوە بۆ چارەسهكردنی كێشەی قوتابیانی وەرنەگیراو

ھەولێر-KDP.onfo- بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، كێشەی ئەو قوتابیانەی كۆنمرەكانیان سەروو 99ـیە، چارە كراوە و سبەینێش لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كۆدەبنەوە بۆ چارەكردنی كێشەی قوتابیانی وەرنەگیراو لە كۆلێژ و پەیمانگاكان.
د. گەلاوێژ عوبێد سیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی ئەو قوتابیانەی كۆنمرەیان سەرووی 99ـیە و لە كۆلێژی پزیشكی وەرنەگیرابوون، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) و لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا هاتینە سەر هێڵ لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەت بڕیاری دا كە ئەو قوتابیانەی كۆنمرەیان 99 بەسەرەوەیە كە 58 قوتابین، لە كۆلێژی پزیشكیی گشتی وەربگیرێن، هەروەها ئەو كورسیانەشی كە چۆڵ دەبن لە پزیشكی دەرمانسازی و ددان، قوتابیانی تر سەردەكەون كە داوایان كردووە لەم كۆلێژانە وەربگیرێن و وەرنەگیراون".
بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا باسی لەوەش كرد، سبەی یەكشەممە، وەكو لیژنەكەیان كاتژمێر 10 ی بەیانی، كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیر و تیمی وەزارەتی خوێندنی باڵا هەیە بۆ چارەكردنی كێشە و گرفتی قوتابیانی تر كە وەرنەگیراون و، چەند بابەتێكی تری پەیوەست بە قوتابیان".
سەبارەت بە كرێی خوێندنی پارالێڵیش، د. گەڵاوێژ ئاماژەی دا: "بۆ كرێی خوێندنی پارالێڵ لە زانكۆ و پەیمانگاكان، بۆ ئەمساڵیش لەسەدا 45 داشكاندن دەكرێت و نووسراویش كراوە، پێشتر ئێمە داوامان لە وەزارەت كردبوو بۆ دابەزاندنی كرێی خوێندنی پارالێڵ، بۆیە بڕیارەكە دەرچووە و، ساڵانەش جەخت دەكەینەوە كە بڕیارەكە نوێ بكرێتەوە".
نەشوان بەرزنجی




