٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەیەکی پێشمەرگە باسی چۆنیەتیی ڕزگارکردنی کۆبانی لەلایەن پێشمەرگەوە لە دەستی داعش دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- فەرماندەیەکی بەشداربووی شەڕی کۆبانی باسی چۆنیەتیی بەشداریکردنی پێشمەرگە دەکات لە شەڕی کۆبانی و ڕزگارکردنی ئەو شارە لەسەر دەستی پێشمەرگە، کە حەوت ساڵ لەمەوپێش بە بڕیاری سەرۆک بارزانی بۆ ئازادکردنی کۆبانی لە دەستی داعش ھێزێکی پێشمەرگە بە خاکی تورکیادا ڕەوانەی کۆبانی کرا .

ڕزگار بەھرام، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە و بەشداربوو لەگەڵ ئەو ھێزەی چوون بۆ کۆبانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەو کاتەی لە ھەرێمی کوردستان شەڕێکی گەورە لەگەڵ داعش لە ئارادا بوو، لە ڕۆژئاوای کوردستان شاری گەورەی کۆبانی خەریک بوو بکەوێتە دەست داعش و وای لێ ھاتبوو تەنھا گەڕەکێک بەدەست ھێزی کوردەوە مابوو، ئەوکات داوا لە سەرۆک بارزانی و پەرلەمانی کوردستان کرا ھێز ڕەوانەی کۆبانی بکرێت و ئەو شارە نەکەوێتە دەست داعش، ئەوە بوو سەرۆک بارزانی و پەرلەمانیش ڕەزامەنییان دا بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان ١٥٠ پێشمەرگە بە ڕێگەی تورکیادا بگەیەندرێتە کۆبانی، چونکە ڕێگەی دیکە نەبوو، ئەو ڕۆژەش ڕۆژی سەربەخۆیی تورکیایە و لە یاسای سەربازیدا نابێت ھیچ سەربازێک بەسەر خاکی ئەو وڵاتەدا بڕوات، بەڵام شکۆی پێشمەرگە ھێندە مەزن بوو کە بەسەر خاکی تورکیادا چووین بۆ کۆبانی.''

ڕزگار بەھرام گوتیشی: "کە پێشمەرگە گەیشتە کۆبانی، داعش ھێرشی چڕی دەکرد و تەنھا چەند سەد مەترێک لە دەست یەپەگەدا مابوو، وای لێ ھاتبوو شەڕڤانەکانیان خۆیان بتەقێننەوە بۆ ئەوەی نەکەونە دەست داعش، بەڵام پێشمەرگە گەیشتە کۆبانی و ڕێرەوی شەڕ لە بەرگریکردنەوە بۆ ھێرشکردن گۆڕا، پێشمەرگە زۆر چەکی قورسیشی لەگەڵ خۆی بردبوو، داعش شکا و ھێرش دەستی پێ کرد و تا ٢٦/١ کۆبانی و گردی مشتەنوور بەتەواوی لەدەستی داعش دەرهێنرا و دواتر گوندەکانیش ئازاد کران.''

بەھرام باسی لەوەش کرد: ''بەداخەوە لەو شەڕانەدا ١٤ پێشمەرگە بریندار بوون، پێشمەرگەیەکیش بە ناوی زێرەڤان ئەکرەم مزووری کە پێشمەرگەیەکی قارەمان بوو، شەھید بوو، دواتر کە هەر ١٤ گەڕەکەکەی کۆبانی بەتەواوی ڕزگار کرا، دەستمان بە پاککردنەوەی گوندەکان کرد و تا ڕووباری فورات ڕۆیشتین و ٣٠٠ گوندیش لە ڕۆژئاوا لەسەر دەستی پێشمەرگە ئازاد کران.''

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار