مۆڵەتی جێبەجێکردنی پڕۆژە بە سەرمایەی نزیکەی ٥٨ ملیار دینار دراوە

ھەولێر -KDP.info- لە ھەرێمی کوردستان ٩٤٠ پڕۆژە بە سەرمایەی نزیکەی ٥٨ ملیار دۆلار مۆڵەتی جێبەجێکردنیان پێ دراوە و بەردەوامیش مۆڵەتی نوێ لە ھەموو بوار و سێکتەرە جیاوازەکاندان دەدرێت.
بەپێی ئامارێکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦وە تا ئێستا ٩٤٠ پڕۆژە بە سەرمایەی ٥٧ ملیار و ٨١٧ ملیۆن دۆلار مۆڵەتیان پێ دراوە و، ئەو زەوییەی بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان کراوە ٧٢ ھەزار دۆنمە .
بەپێی ھەمان ئامار، ٨٥%ی پڕۆژەکان لەلایەن وەبەرھێنەرانی ناوخۆییەوە جێبەجێ کراون و ٩% لەلایەن وەبەرھێنەری بیانی و، ٦%یش وەبەرھێنەری ناوخۆی و بیانی بە ھاوبەشیجێبەجێیان کردوون.
موخلیس سەلیم موراد، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە ساڵی ٢٠٠٦وە تاوەکوو ئەمڕۆ مۆڵەتمان بە ٩٤٠ پرۆژەی جۆراوجۆر داوە کە لە ھەموو سێکتەرەکاندان''.
موخلیس سەلیم موراد گوتیشی: ''ڕۆژانە مۆڵەتی نوێ بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە دەدەین، بەڵام هەموو پڕۆژەیەک ھەندێک ڕێکاری پێویستە تا تەواو دەبێت و دەست بەکار دەبێت، بۆیە لەسەر مۆڵەتدان بە پڕۆژەکان بەردەوام دەبین''.
بڵند ئیبراھیم




