٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەمەودوا رێکار بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتە بەر کە کاری نایاساییان ئەنجام داوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، کە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا ٢١ هەزار مووچە راگیراون، کە ١١ هەزاریان بە تەواوی بڕدراون، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، حکوومەت لە چاکسازی بەردەوامە و ھەنگاوی باشی ناوە، لەمەودواش تەنھا بڕیاردان نابێت، بەڵکو رێکاریش بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتە بەر کە کاری نایاساییان ئەنجام داوە.

سەعید ھەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی زۆر باشی لە بواری چاکسازیدا ناوە و بەردەوامە لە پێداچوونەوە و راگرتنی مووچەی نایاسایی و دوو مووچە و سێ مووچە، ئەو مووچانەش کە راگیراون، ھەمووی لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدایە و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا راپۆرتی سێیەم بۆ پەرلەمان رەوانە بکەن، کە وردەکاریی زۆری تێدایە و ھۆکاری دواکەوتنیشی بە ھۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بوو.

ھەرکی باسی لەوەش کرد، ئەو راپۆرتە کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا رەوانەی پەرلەمان بکرێت، وردەکاریی زۆری تێدایە و تەنھا بڕیار و رێنمایی نییە، بەڵکو ئەم جارە رێکار بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتە بەر کە کاری نایاساییان ئەنجام داوە، بۆیە حکوومەت زۆر جددییە لە چاکسازی و بەردەوام دەبێت تاوەکو یاساکە بە تەواوی جێبەجێ دەکات.

دەشڵێ، حکوومەت چاوپۆشی لە ھیچ کەسێک ناکات و ئەوانەی مووچەیان راگیراوە و بڕدراوە، لە ھەموو چینوتوێژەکانی تێدایە، بۆیە ئەمە وادەکات کە چاکسازی بە رێگای خۆیدا و زۆر بە باشی قۆناغەکان ببڕێت.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار