هەولێر.. وێستگەی کارەبای باداوەی نوێ کرایەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە بە لەژێر چاودێریی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وێستگەی کارەبای گەڕەکی باداوەی نوێ بە گوژمەی زیاتر لە 14 ملیۆن دۆلار کرایەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی وێستگەی کارەبای گەڕەکی باداوەی نوێ ڕایگەیاند: "بابەتی کارەبا کە ئێمە چەندین جاری دیکە جەختمان لێی کردووەتەوە، یەکێک بووە لە پێداویستییە سەرەتاییەکان و یەکێک بووە لە خواستە سەرەکییەکانی هاووڵاتیان و هاوکات یەکێکیشە لە بەرنامەکانی حکوومەت بە ئاراستەی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم ئەم کەرتە".
ڕاشیگەیاند: "لە چوارچێوەی کار و هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و داڕشتنی ئەو پلانە ستراتیژییەی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، بە خۆشحاڵییەوە ئێمە ڕۆژانە شایەتی پێشڤەچوونەکانی ئەو بوارەین کە لەلایەن وەزارەتی کارەباوە لە چوارچێوەی بەرنامە و کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێن".
"پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند: "بەشداریی زۆری ئێمە و جەنابی وەزیری کارەبا لە کردنەوەی پرۆژەکانی ئەم بوارە مانای ئەوەیە حکوومەتەکەمان لە چوارچێوەی ئەو پلانانەی کە دایڕشتووە، هەنگاوەکانی بەردەوامن و ئەمڕۆش ئەم وێستگەیە کە لە گەڕەکی باداوەی نوێ بە گوژمەی 14 ملیۆن و 710 هەزار دۆلاری ئەمریکی دەست پێ دەکات کە لەژێر چاودێریی ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا پرۆژەکە جێبەجێ کراوە".
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش دا: "ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە پرۆژەکانی کارەبای بەڕێوەبەرایەتیی گەشتیی کارەبای هەولێر کە لەلایەن کۆمپانیای زاگرۆسەوە جێبەجێ کراوە و بە خۆشحاڵییەوە هەموو ئەو پرۆژانەی ئەوان جێبەجێی دەکەن، لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو دەکرێن".
جەختی لەوەش کردەوە: "ئەم وێستگەیەش کە لە گەڕەکەی باداوەی نوێ هەڵکەوتووە، هاوکات چەند گەڕەکێکی گرنگی دیکە لەخۆی دەگرێت و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بارزۆریی کارەبا لە گەڕەکانی باداوە، هاوکاری، بەشێک لە گەڕەکی ڕۆشنبیری، بەشێک لە گەڕەکی فەرمانبەران، پێنجی حەسارۆک، هانا ستی و کارێزە و کە بەشێکی زۆریان گەڕەکی تازەن".
ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پلانەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری خزمەتگوزاری و ئەو بەڵێنانەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییانی گەڕەکی باداوەی نوێ کە بەبێ جیاوازی خزمەتگوزاری بە هەموو هاووڵاتییان دەگەیەنێت.
جیاواز لەم پرۆژەیە هەر لە شاری هەولێر و لە چوارچێوەی پلان و پرۆژەکانی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا پرۆژەی ڕاكێشانی فیدەرەكانی كارەبا كە لەلایەن هەردوو كۆمپانیای (پاڵۆس) و (دڵسۆز) بە تێچوونی دوو ملیار دینار جێبەجێ كراوە.




