بەڕێوەبەری فڕۆكەخانە: رۆژانە ٦٧ گەشت بۆ وڵاتان ئەنجام دەدرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر رایگەیاند، رۆژانە ٦٧ گەشت بۆ وڵاتان ئەنجام دەدەن و دەشڵێ، گەشتەكان لەگەڵ ھەموو وڵاتان ئاسایی بوونەتەوە و تا ئێستاش ڤاكسین نەكراوەتە مەرجی گەشتكردن.
ئەحمەد ھوشیار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای ئەوەی بە ھۆی كۆرۆناوە لە ساڵی رابردوودا ژمارەی گەشتەكان كەم ببووەوە، ئێستا جارێكی دیكە گەشتەكان ئاسایی بوونەتەوە و زیادیان كردووە، كە رۆژانە لە فڕۆكەخانەی ھەولێر ٦٧ گەشت بۆ وڵاتانی جیاجیا ئەنجام دەدرێت".
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر گوتیشی: "لە كۆتایی ساڵدا سەرجەم گشتەكان كۆدەكرێنەوە و ئاماری كۆتایی رادەگەیەنین، بۆیە ئێستا ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە گەشتمان لەگەڵ ھەموو وڵاتان ھەیە و ھیچ وڵاتێك نییە گەشتكردن بۆی قەدەغە بێت".
ھوشیار باسی لەوەش كرد: "تا ئێستا بڕیاری ئەوەمان بۆ نەھاتووە ئەوەی ڤاكسینی وەرنەگرتبێت نەتوانێت گەشت بكات، تەنھا پێویستە ٧٢ سەعات پێش گەشتكردن گەشتیار پشكنینی كۆرۆنای پێ بێت، ئەگەر نا رێگەی پێ نادرێت گەشت بكات، بەڵام ئەوانەی دێنە ھەرێمی كوردستان، ئەگەر ڤاكسینیان وەرنەگرتبێت، پێویستیان بە ڤاكسین نابێت".
بڵند ئیبراھیم




