رێكخراوێكی نەرویجی: پلانێكی پێنچ ساڵیمان لە كوردستان هەیە
__2021_10_27_h13m8s40__RM.jpg)
هەڵەبجە-KDP.info- ڕێكخراوێكی نەرویجی، بە بەهای 250 هەزار دۆلار هاوكاریی تەندروستیی پێشكەش بە پارێزگای هەڵەبجە كرد، لەگەڵ 12 تۆن پێداویستیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و دەشڵێن، لە هاوكارییەكانیان بەردەوام دەبن.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: "ڕێكخراوی دەستپێشخەریی پشتیوانیی هاوكاریی پزیشكیی نەرویجی، لە ساڵی 2017وە بەردەوامن لە پێشكەشكردنی هاوكاریی تەندروستی بە هەڵەبجە و ئەمڕۆش بە گوژمەی 250 هەزار دۆلار، پێداویستیی پزیشكییان پێشكەش بە كەرتی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە كرد".
پارێزگاری هەڵەبجە گوتیشی: "ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەم ڕێكخراوە، پێمان ڕاگەیاندن كە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی تاكو ئێستاش دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و كیمیاییەكە لەسەر جەستە و چاو و بۆڕیی هەناسەدانیان كاریگەری هەیە، بۆیە بەپێی توانا هاوكاریمان بكەن لە پێداویستیی تەندروستی، ئەوانیش پێمانیان ڕاگەیاندووە كە هاوكار دەبن".
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، گایر ئۆڤێ، سەرۆكی ئۆپەراسیۆنی ڕێكخراوی دەستپێشخەریی پشتیوانیی هاوكاریی پزیشكیی نەرویجی، ڕایگەیاند: "خۆشحاڵین لە پارێزگای هەڵەبجەین، لە ساڵی 2017 هاتووینەتە كوردستان، لە كاتی شەڕی داعش لە كوردستان ئامادە بووین و لە پێشەوەی سەنگەرەكان بووین، دەزانین كورد چۆن بەرەنگاری داعش بووەتەوە".
گوتیشی: "ئەمڕۆ بە بەهای 250 هەزار دۆلار، هاوكاری پزیشكیمان پێشكەش بە پارێزگای هەڵەبجە كردووە، لەگەڵ 12 تۆن پێداویستیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، پلانێكی پێنچ ساڵیشمان هەیە لە كوردستان، كە لە مانگی 4ی ئەمساڵەوە دەستمان پێكردووە، هاتووین بۆ ئەوەی ئاگامان لە ڕەوشی تەندروستیی هەڵەبجە بێت و ئەو هاوكاریانەی پێویستیانە و لە تواناماندا هەیە، هاوكاریان بین و بۆیان دابین بكەین".
عەزیز ڕەسووڵ




