ھەفتەی داھاتوو ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردن رادەگەیەندرێت

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەرێمی كوردستان لە لیژنەی باڵای ئەمنیی ھەڵبژاردن لە بەغدا گوتی، پێداچوونەوە بە تانەكان لە ئەنجامی ھەڵبژاردن بەرەو كۆتاییە و ھەفتەی داھاتوو ئەنجامی كۆتایی رادەگەیەنن و هیچ گۆڕانكارییەكیش لە ئەنجامەكاندا رووی نەداوە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە زۆرینەی ناوچەكان تانە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان درابوو و لە ئێستاشدا پێداچوونەوە بە تانەكان كراوە و تانەدانیش مافێكی سرووشتی و یاسایی ھەر كاندید و لایەنێكە، كە ھەموو تانەكانیش لە بەرچاو گیراون و پێداچوونەوەیان بۆ كراوە و ئەوەی مافی خورابێت، مافی بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەی تائێستا ھەیە گۆڕانكاری لە ئەنجامەكاندا نەبووە.
تەڵعەت باسی لەوەش كرد، شێوازی پێداچوونەوە بە تانەكاندا وەهایە، كە لە ھەر ناوچەیەك تانە ھەبێت، دەنگی ئەو ناوچەیە بە دەست دەژمێردرێنەوە، بۆ ئەوەی لێی دڵنیا بن و ھیچ كێشەیەكی نەبێت.
دەشڵێ: "ئەمە پێنجەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە و ھیوادارین دەستكاریی ھیچ ئەنجامێك نەكرێت و ھەڵبژاردنێك بێت دوور بێ لە دەستكاری و ئەنجامەكان وەكو خۆیان بمێنێتەوە، بۆیە تانەكان بەرەو كۆتاییە و ھەفتەی داھاتوو ئەنجامی كۆتایی رادەگەیەنن".
بڵند ئیبراھیم




