٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''بڕیاری دانانەوەی سەربازگە لە گوندی تۆپزاوە ھەڵوەشایەوە"

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- حکوومەتی عێراق دەیەوێت سەربازگەی گوندی تۆپزاوەی کەرکووک دووبارە نۆژەن بکاتەوە و بیکاتەوە بە سەربازگە، ڕاوێژکارێکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانیش دەڵێت، بڕیارەکە ھەڵوەشاوەتەوە و پێویستە بکرێتە مۆنۆمێنتی ئەنفال.

عەدالەت عومەر، ڕاوێژکاری دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دانانەوەی سەربازگە لە گوندی تۆپزاوای سەر بە پارێزگای کەرکووک پێشێلکارییە بەرانبەر کەسوکاری ئەنفالکراوان و جینۆسایدکراوانی کورد لەو ناوچەیە و، ئەرکی حکوومەتی عێراقە ڕێگری لەو جۆرە ھەوڵانە بکات، لەبەر ئەوەی کەیسی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری جینۆسایدی وەرگرتووە.''

ڕاوێژکارەکەی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان گوتی: "ئێمە لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لە یەکەم ساتەوە لەسەر خەت بووین و لە ڕێگەی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە و حکوومەتی ھەرێمیش پەیوەندیی بە حکوومەتی فیدڕاڵ و سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە، دواتر لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە ئاگادار کراینەوە کە بڕیاری دووبارە دانانەوەی سەربازگە لە گوندی تۆپزاوە ڕاگیراوە.''

عەدالەت عومەر ڕوونی کردەوە: "دەستخۆشی لە ھەوڵی ھەموو ئەو کەس و ڕێکخراوانە دەکەین بۆ ئەو بەدەنگەوەھاتنەیان، بەڵام ئەگەر لە داھاتوودا تۆپزاوە نەکرێتە مۆنۆمێنتێکی شایان بە کارەساتی ئەنفال بۆ کورد و عێراق، ئەوە ھەر دەکرێتەوە بە سەربازگە، لەبەر ئەوە پێویستە ھەوڵ بدرێت تۆپزاوە وەک ڕەمزی جینۆسایدکردنی گەلی کورد بمێنێتەوە.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار