وەزارەتی پێشمەرگە ھەموو وردەکارییەکی بۆ پەرلەمان باس کردووە

هەولێر-KDP.info- پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغی باشی بڕیوە و سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، بە وردی چاودێریی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازی لە کەرتی سەربازیدا دەکەن.
رێڤینگ ھروری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پڕۆسەی چاکسازی لە کەرتی سەربازیدا بەردەوامی ھەیە، بەڵام چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە فراوانە و چەندین لایەن لەخۆ دەگرێت، لەبەر ئەوەش پڕۆسەکە لەسەرخۆ بەڕێوە دەچێت، چونکە نایشارینەوە شتێکی ئاسان نییە ئەو ھەموو بوارەی چاکسازی تێدا دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا تەواو ببێت".
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە دەشڵێت: "چاکسازی لە خانەنشینیی پێشمەرگە و بریندارانی پێشمەرگە و پەککەوتە و پلە باڵاکان دەکرێت، پۆلێنکردنی ئەو ھەموو چینە لەنێو کەرتی سەربازیدا کاتی پێویستە، چەندین لیژنە لەکاردان بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە".
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لیژنەی پێشمەرگە چاودێریی بەڕێوەچوونی چاکسازییەکانی پێشمەرگە دەکات و حکوومەت خۆیشی چاودێریی چاکسازی دەکات، هەروەها وەزیر و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەش لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازییەوە، بانگھێشتی پەرلەمان کراون و ھەموو وردەکارییەکیان باس کردووە".
قائید میرۆ




