سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە (26ی ئۆکتۆبەری 2021) پێشوازی لە "ماتیۆ تولەر"، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرا.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لە سەرۆکی حکوومەت کرد و پشتیوانیی ئەمەریکاشی بۆ عێراقێکی فیدراڵ و سەقامگیر و خاوەن سەروەری دووپاتکردەوە.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانی ئەمەریکا، جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر کردەوە کە ماف و خواستەکانی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بكات و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، چارەسەر بکات.




