سێلکی بۆ KDP: پێشمەرگە بەڵێنیان بە سەرۆک دا بمرن لە پێناوی مانەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەڵێ، دوای ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، بە دەستی تاقمێكی خیانەتکار شاری كەركووك و بەشێك لە ناوچە دابڕاوەكان ڕادەستی حەشدی شەعبی كران، هێزی پێشمەرگەی كوردستان به داستانی (سحێلا)، توانیان پیلانی لەنێو بردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە ڕەگ و ڕیشە هەڵوەشێننەوە و، ناوی سحێلاش بخەنە نێو مێژووی پڕشانازی.
لیوا بەهجەت سێلکی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر، هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی، بەوپەڕی غرووریەوە درێژەیان بەو پڕۆژەیەدا، كە وڵاتانی ئقلیمی نەخشەیان بۆ داڕشتبوو، ئەوە بوو سەرەتا لە 20/10/2021 لە میحوەری پردێ و لە بەرەبەیانەوە هێرشیان دەست پێكرد، لە سەرجەم ڕووبەڕووبوونەوەكان شكستیان خوارد و، بە دەیان ئالیاتی شەڕ و لاشەی كوژراوانیان جێهێشت".
گوتیشی: "حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی، بۆ ڕاستكردنەوەی هاوكێشەی شەڕ و لە جوگرافیایەكی جیاوازدا، دووبارە دەستیان بە ئامادەكاری كرد بۆ شەڕ، ئەمجارە سحێلا-یان بە پاروویەكی ئاسان زانی و گوایە بە داگیركردنی ئەو دەڤەرە، دەتوانن دەست بەسەر چەندین شوێنی ستراتیژیدا بگرن، بۆ ئەو مەبەستە هێزێكی یەكجار زۆریان كۆكردەوە، كە پێكهاتبوون لە سەرجەم كەتیبەكانی حەشدی شەعبی، دژە تیرۆر، فرقەی15، فرقەی16 و، چەندین ڕاوێژكاری سەربازی وڵاتان و هێزە ئیقلیمییەکان، سەرەڕای ئەوەی ئەو هێزانە پێشكەوتووترین چەكیان لەلابوو، ئامانجی سەرەكی و خۆئامادەكاریان بۆ ئەو شەڕە، سڕینەوەی ناسنامەی هەرێمی كوردستان بوو، ئەو بوو لە بەرەبەیانی ڕۆژی 26/10/2017، هێزەكانی سووپا و حەشدی شەعبی و تۆپخانەكان، سەرەتا دەستیان بە تۆپ بارانێكی یەكجار قورس كرد و، زیاتر لە 5000 پێنج هەزار تۆپیان لە سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەدا، دواتر هێرشەكەیان دەست پێكرد.
ئاماژەیشدا، ئەو ڕۆژە پێشمەرگە لە ژواندا بوو تا بێتە مەیدانی ڕووبەڕوو بوونەوە و داستانێكی هەرە گەورە لە مێژووی گەلەكەمان تۆمار بکات، کە وێنەی نەبوو، هێزە جۆراوجۆرەكان كە تەكنەلۆجیای شەڕ و تۆپخانەكان پشتیوانی دەكردن و، جیهانیش لە ئاستیان چاوی نوقاندبوو و تابوری پێنجەمیش لە نێوخۆدا هانی دەدان، بەڵام ئەوەی ڕوویدا لە 100% پێچەوانەی خەیاڵی هێرشبەران و خائینان و كۆی ئەو وڵاتانەش بوو، كە خۆیان بۆ بینینی شكست و خۆبەدەستەوەدانی كورد و پێشمەرگەدا دانابوو، لە شەڕەدا پێشمەرگە بەوپەڕی ورە بەرزی، كە خودی سەرۆك بارزانی بە چركەساتیش لێی دانەدەبڕا، ڕوو بەڕوویان بوونەوە و بەڵێنیان بە سەرۆک بارزانی دا، بمرن لە پێناوی مانەوەی ئیرادەی گەلەكەماندا، لەو نەبەردیە بێ وێنەیەدا و لەو هەل و مەرجە سەخت و ناهاوكارەدا، پێشمەرگە توانی گەورەترین سەركەوتن تۆمار بكات و، هێرشە یەك لە دوای یەكەكانی سوپا و حەشد تێكبشكێنێ و، بەدەیان تانك و زرێپۆشی دوژمن بە سووتاوی لە گۆڕەپانی شەڕ بەجێ بمێنێت و، سەدان لاشەی كوژراویش لەدوای خۆیان بەجێ بهێڵن و ناچار بە پاشەكشەی چاوەڕوان نەكراو ببن.
سێلکی دەشڵێ: "پێشمەرگە بەو داستانە، توانیان هاوكێشەی درووستكراوی سەر زەوی بگۆڕن و، پیلانی لەنێو بردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە ڕەگ و ڕیشە هەڵوەشێننەوە و، ناوی سحێلاش بخەنە نێو مێژووی پڕشانازی".
کاروان باعەدری




