٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەرار كەتانی یەكێك لە دۆستە دێرینەكانی بارزانیی نەمر: بارزانیی نەمر هەمیشە خۆی بە پێشمەرگە دەزانی رابەری ئازادی و عەدالەت بوو، مرۆڤێك بوو هەموو ژیانی خۆی بۆ میللەتی خۆی تەرخان كردبوو

سەرچاوە: KDP.info

سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی

 

(بەرار كەتانی )كەسایەتیەكی ئێرانیەو یەكێك لە دۆستە دێرینەكانی (بارزانیی نەمر)ە، كە دوای نسكۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لەئێران ئاشنایەتی لەگەڵ رابەری شۆڕشی كورستاندا پەیدا دەكات و رۆژانێك لێی نزیك بووەو بیروەری زۆری لە بارەی بارودۆخی ئەو سەردەمەو هەڵوێست و تێكۆشانی بارزانیی نەمرەوە، هەیە. لە پیرمام لە ماڵی پێشمەرگەی دێرین د. عەبدولرەحمان كەورینی چاومان پێ كەوت و بە زمانی فارسی ئەم دیمانەم لەگەڵیدا سازكردو پاشان وەرمگێڕایە سەر زمانی شیرینی كوردی و لێرەدا پێشكەش بە خوێنەرانی دەكەین.

 بەڕێز (بەرار كەتانی) تەمەنی 85 ساڵەو خەڵكی ئێرانیەو لە ئەمەریكا نیشتەجێیە، ماوەیەكە بە سەردان لە واشنتۆنەوە هاتووە بۆ كوردستان و لە میانەی مانەوەی لە كوردستان چوەتە بارزان و سەردانی مەزاری بارزانیی نەمری كردووە، لە سەرەتای گفتوگۆكەماندا داوامان لێیكرد باسی ئەوەمان بۆ بكات كە چۆن بارزانیی نەمری ناسیوەو ئاشنایەتی لەگەڵدا پەیداكردووە؟

-   ئاشنایی من دەگەڕێتەوە بۆ دوای نسكۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كە ئەم رابەرە لەگەڵ هەزاران كوردی كوردستانی ئێراق كە ئاوارەی ئێران بوون لە پێناو كوردایەتی و دوایی هاتنە كەرەج، لە ئەزیمیە من لەگەڵ هاوڕێم حوسێن رۆشنی چەندەها جار چوومە لای ئەو رابەرە، بە راستی مەلا مستەفا بارزانی كەسایەتیەكی مێژوویی بوو، ئەو تەنها لە پێناو كوردو مافەكانی میللەتی زوڵم لێكراوی خۆی خەباتی دەكرد، باش لە یادمە كە دەچووینە مەجلیسی ئەو هەموو كاتێك بە ڕێز بوو و رابەرێكی دوور بین بوو دەیزانی داهاتوو چۆن دەبێت، چونكە من زۆر بیرەوەریم هەبوو لە گەڵیدا. بە راستی مەلامستەفا بارزانی كەسایەتیەكی زۆر ناسراو بوو هەموو خەڵك ناوی ئەوی بە ئازادیخواز و قارەمان و رابەر دەناسی، مەلامستەفا بارزانی ئەوەندە شۆڕشگێر و هەتا چەند بڵێی ئازا بوو و هەمیشە خۆی بە پێشمەرگەی دەزانی.

·  دوای ئەوەی بارزانیی نەمر توشی نەخۆشی دەبێت و بۆ چارەسەر دەچێتە ئەمەریكا بەڕێز(بەرار كەتانی) لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی واشنتۆن سەردانی دەكات، لەمبارەیەوە گوتی:

لە ساڵی 1978 بوو كە لە گەڵ هاوڕێم حوسێن روشنی كە چووین بۆ ئەمەریكا بەم هاوڕێیەم گوت: دەبێ بچین سەردانی مەلامستەفا بارزانی بكەین ئەوە بوو ئێمە دەستە گوڵمان برد، كە چووین گەنجێكی 13 ساڵە لەگەڵ پیاوێكی تر لەوێ بوون و دوای كە ئەحوالمان پرسی جەنابی مەلامستەفا بارزانی بە خێرهاتنی ئێمەی كرد و كەیف خۆشی خۆی دەربڕی. ئەو كات كە ئێران لە ژێر دەسەڵاتی حەمەرەزا شاە بوو، مەلامستەفا بارزانی بە منی فەرموو: ئاغای (بەرار كەتانی) من راستە ئاخرەكانی ژیانم لە سەر ئەو تەختەیەی نەخۆشخانەدا دام بەڵام باوەڕ بكەن من یەك تەختم هەیە بەڵام حەمەرەزا شاە یەك تەختی بە دەست ناكەوێت كە تێدا بخەوێت، ئێمەش پێمان سەیر بوو، و پێمان فەرموو: ئاخر چۆن وادەبێـت؟ گوتی، ئەوەی من بە ئێوەم گوت بزانە كاتی خۆی رەزا شاەی ئێرانیش خیانەتی لە ئێمە و هاوڕێكانی ئێمە كردوو من بە خۆم و هەڤاڵەكانم رێگای سەختی بە مان و نەمانمان بۆ مافەكانی كوردان لە رووباری ئاراس پەڕیتینەوە و مافەكانی كوردان گەیاندووتە ئەو دەوڵەتی روسیا. بۆیە بەراستی ئەو قسەكانی كە مەلا مستەفا بارزانی بە ئێمەی راگەیاند وا دەرچووو هەمووی بوونە راستی، مەلامستەفای بارزانی ئەوەند زانا بوو كە دەیزانی ئایندەی ئێرانیش چ بەسەر دێت، بۆیە من دەڵێم ئەو مەلامستەفا بارزانی كە هەموو كاتێك باسی ئەو رۆژە سەختانەی دەكرد و سەرەڕای ئەوەش دەیگوت، هەر دەچینەوە ناو خاكی كوردستان و بە ئازادی دەژین.

·  لە بەڕێز (بەرار كەتانی) مان پرسی خوێندنەوەت بۆ كەسایەتی بارزانیی نەمر چیە، لە وەڵام دا بەڕێزی گوتی:

 ئەوەی من لێ باس بكەم بە چەندین دێڕو لاپەڕە تەواو نابێ رابەری ئازادی و عەدالەت بوو، مرۆڤێك بوو هەموو ژیانی خۆی بۆ میللەتی خۆی تەرخان كردبوو، ئەو درێژە پێدەری رێبازی كوردایەتی بنەماڵەی خۆی بوو، لە ئاوارەیش هەر لەسەر هەڵویستی مەردانەی بەردەوام بوو، مرۆڤیك بوو تەنها دەیەوست میللەتی كوردستان بگاتە مافەكانی خۆی و بڕوای وابوو كە رۆژێك كوردستان هەر ئازاد دەبێت. بارزانیی نەمر شۆڕشگێرێكی ئەفسانەیی و قارەمان بوو لە هەموو دونیا ئەو بە ئازادیخواز دەناسرێت كە چەند دلێرانە و سەربەرزانە و بە رۆحیەیەكی قارەمانانە لەگەڵ هاوڕێیان و پێشمەرگەكان بۆ كوردستان هەموو رێگایەكی سەخت و دژواریان بڕی و بە هەبون و نەبون بۆ ئازادی كوردستان خەباتیان دەكرد، بۆیە هەموو كاتێك یادی ئەو هەر بە زیندووی دەمێنێتەوە.

·       چ هەستێكت هەیە بەرامبەر بە كوردستان ؟

كوردستان رۆژ بە رۆژ بەرە پێشكەوتن دەروات و رۆژ بە رۆژ خۆشتر و گەشاوەتر بووە لە رووی ئاوەدانكردنەوەی و ئابووری و بونیاتنەوە. هەروەها ئەوەی ئەمڕۆ گەلی كوردستان تێیدا دەژیت بەرهەمی هەمان خەباتی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی و هەروەها خوێنی شەهیدان و ئەو دەردەبەری و ئاوارەریی و غەریبیەیە كە خەڵكی كوردستان بینیویەتی و من ئاگاداری ئەو رابردوەی ئەوانم كە چەند سەرختانە بەرامبەر ئەو هەموو وەزعە ناخۆشە راوەستان و هەتا دوای نسكۆی شۆڕش لە ئاوارەیی لە ئێران دیسان خەباتیان كردووەو شەهیدی هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانی و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی هەردوو كوڕەكانی بارزانیی نەمر درێژەپێدەری خەباتی باوكیان و شۆڕشەكانی پێشتر بوون و لە گەڵ ئاوارەكان و پێشمەرگەكان بەرامبەر دوژمن راوەستاون و سەركەوتنیان بە دەست هێنا. ئەوانەی ئەمڕۆ لە كوردستان بە ئازادی دەژین دەبێ هەموو كاتێك بیری ئەو قارەمانانە بكەنەوە كە چەند خەباتكارانە خەباتیان كرد و بەرگرییان لە شەرەف بۆ كورد كرد، هەروەها دەبی ئەمڕۆ هەموو خەڵكی كوردستان و بە هەموو ئەحزابەكانەوە لەگەڵ بیروبۆچوونەكانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بن، چونكە سەرۆك بارزانی ئەو كەسایەتیە گەورەیەیە كە لە ناوەو لە دەرەوە نوێنەرایەتی گەلی كوردستان دەكات و هەموو كاتێك بۆ بەرقەراری دەسكەوتەكان و ئاشتی تێدەكۆشێ، كە ئەوەیش هەمان رێبازی باوكێتی.

لە كۆتاییدا بەڕێز (بەرار كەتانی) گوتی:

سوپاسی بەڕێزتان و رۆژنامەی خەبات دەكەم كە ئێمەتان بە سەركردەوە و مایەی خۆشحاڵیە كە هاتوومە بۆ كوردستان، كە هاتم سەردانی مەزاری رابەری ئازادیخوزای كوردستان مەلامستەفا بارزانیم كردو لە لایەن بەڕێز خەلات بارزانی نوێنەری سەرۆك بارزانی هاتینە پێشوازی كردن و دوای خوێندنەوەی سورەتی فاتحیە بە رابەری كورد مەلا مستەفا بارزانیم گوت، بە ئاسودەیی بنوو، تۆ ئێستا گەیشتیە ئاواتی خۆت و كوڕەكانی تۆ و نەوەكانی تۆ و هەموو ئەو پێشمەرگەو ئەو كەسانەی كە لە رۆژانی سەخت خەبات و قوربانیدان داوە وا بە ئازادی دەژین.

 بارزانیی نەمر سەركردەیەكە لە ناو كوردستان و لە جیهان ناسراوە كە ژیانی خۆی بۆ ئاواتەكانی كوردستان بەخت كردووە و هەر ئەویش بووە بە خەباتەكەی وایكرد دۆزی كورد ببێتە پرسێكی گرنگ لە سەر ئاستی جیهان. ناوی بارزانیی نەمر هەتا هەتا بە زیندووی لە ناوماندا دەمێنەوە.

تیبنی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4201)رۆژنامەی خەبات لە (25/11/2012) بلاوبویتەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار