٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێدانی ڤاکسین دەکاتە ناچاری

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لەمەودوا لێدانانی ڤاکسین دەبێتە ناچاری و ئەوەی ڤاکسین وەرنەگرێت، ڕێکاری بەرانبەر دەگیرێتە بەر، چونکە دۆخەکە خراپە و ئەگەر خراپتریش بێت ڕێکاری توندتر دەگرینە بەر، و بەهۆی ئەوەی ھۆکاری سەرەکیی زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆناش پرسەیە، بۆیە پێویستە قەدەغە بکرێت.

دکتۆر جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بەھۆی ئەوەی ڕێژەی قوربانییانی کۆرۆنا زیاد بووە لە سۆنگەی بەرژەوەندیی گشتی و بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان لە کۆرۆنا دانیشتنێک بەڕێوە چوو، لە سەرەتاوە وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد و کۆمەڵێک داتا و زانیاریی خستە ڕوو و کۆمەڵێک پێشنیاری پێشکەش کرد و ئامادەبووان بە کۆی دەنگ سەرجەم ڕاسپاردەکانیان پەسەند کرد، کۆمەڵێک پێشنیار و بیرۆکەش پەسەند کران و ئامانجی سەرەکیی ئێمە بەرژەوەندیی تەندروستیی خەڵکە لە بەرانبەر کۆرۆنا، بەداخەوە پابەندبوون بە ڕێنماییەکان وەکوو پێویست نەبووە، بۆیە ڕێژەی توشبوون بەرز بووەتەوە و داوا دەکەین ھاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییەکان بن و ڕێز لە پلان و بەرنامەکانی وزارەتی تەندروستی بگرن، بۆ ئەوەی دوور بن لەو پەتایە و پێویستە ڕێکارەکان لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکوومەت جێبەجێ بکرێن و لە سۆنگەی بەرژەوەندیی خەڵک و بۆ بەردەوامیی خوێندن و کاری خەڵک چەند بڕیارێک دەرکران.

جووتیار عادل گوتیشی: ''ئەو تەوەرانە گفتوگۆیان لەسەر کرا، لەبارەی خوێندنەوە خانەوادەی قوتابییان و خوێنکاران لەبەرچاو گیراوە و بڕیار درا خوێندن بەردەوام بێت، لەگەڵ چەند مەرجێک کە پێویستە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پابەند بن بە ڕێنماییەکان، ئەویش ماسکبەستن بە ناچاری، چونکە ماسک گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون بە کۆرۆنا و خەڵک پێیان وایە کە ڤاکسین وەرگرن پێویست بە ماسک نییە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە و پێویستە ئەوانیش ماسک ببەستن، بۆیە ماسکبەستن دەبێتە ناچاری لە ھەموو شوێنەکان.''

جووتیار عادل ڕوونیشی کردەوە: ''پێویستە سەرجەم فەرمانبەرانی حکوومەت تا ١/١/٢٠٢٢ ڤاکسین وەرگرن و کارتیشیان پێ بێت، هەر کەسێک تا ئەو کاتە ڤاکسین وەرنەگرێت، ڕێکار لە بەرانبەریدا وەردەگیرێت بەپێی یاسای بەرکاری فەرمانبەران و یاسای گشتیی تەندروستی و ڕێنماییە بەرکارەکانی قوتابییان، بۆیە پێویستە قوتابی و خوێندکارانی سەرووی ١٨ ساڵیش ڤاکسین وەرگرن.''

گوتیشی، بۆ کەرتی تایبەتیش دەبێ ڤاکسین وەرگرن لە کاتێکی دیاریکراودا، بەڵام کاتەکە دیاری نەکراوە و لە ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاش پێویستە مامۆستایان و قوتابییانی سەرووی ١٨ ساڵ ڤاکسین وەرگرن تا ١/١٢/٢٠٢١، ئەوەش بە ناچارییە و کۆڕ و کۆبوونەوە و بۆنە کۆمەڵایەتیش نابێت بکرێت و پێویستە ئەوانەی شوێنی گشتین ڕێکاری خۆپارێزی بگرنە بەر، بەتایبەت جێشتخانە و ھۆتێلەکان دەبێت بەناچاری ماسک ببەستن و ئەوەی نەبەستێت ٢٠ ھەزار دینار سزا دەدرێت.''

جووتیار عادل باسی لەوەش کرد کە ھۆکاری زیادبوونی کۆرۆنا دانانی پرسەیە، ئێستا دۆخی ھەرێمی کوردستان خراپتر لە پارچەکانی دیکەی عێراقە، بۆیە پێویستە خاوەن پرسەکان پرسە دانەنێن و دەسەڵات دراوە بە پارێزگار و ئیدارەی سەربەخۆ بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ ڕێگریکردن لەو چالاکییانە بۆ ئەوەی پەتاکە زیاتر بڵاو نەبێتەوە، بۆیە کۆمەڵێک بڕیاری دیکە دراوە و لەسەر پێشنیاری وەزیری پەروەردە خانەوادەی قوتابییان و خوێندکاران تا ٣١،١٠،٢٠٢١ منداڵەکانیان یەکلایی بکەنەوە کە بە ئۆنلاین دەوام بکەن، یان لەناو پۆل و بۆ شوێنی گشتیش پێویستە ڤاکسین وەرگرن، یان پشکنینیان ھەبێت، بۆیە داوا دەکەین بەرپرس و وەزیر و پارێزگار و بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆ و ھەرچی بەرپرسە بەشداری لە پرسەکان نەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی دیکەش بەشدار نەبن، بۆیە دووبارەی دەکەینەوە کە ھەرکاتێک دۆخەکە خراپتر بوو، ڕێکاری توندتر دەگرینە بەر.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار