كۆمسیۆن ژماردنەوەی دەستیی بۆ 13 پارێزگا ڕاگەیاند
_(5)__2021_10_25_h15m22s38__ER.jpg)
بەغدا -KDP.info- كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ژماردنەوەی دەستیی 297 وێستگەی هەڵبژاردنی لە 13 پارێزگای عێراق ڕاگەیاند و، ئەوەش لەسەر بنەمای پێداچوونەوە و وەڵامی سكاڵای كوتلە و هاوپەیمانەكانی دژ بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران جێبەجێ دەکرێت.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ژماردنەوەی دەستیی 297 وێستگەی هەڵبژاردنی پێشبڕكێكار لەسەر بنەمای 22 داواكاریی دابەشكراوی پارێزگای دیالە، نەینەوا، میسان و كەربەلا، كەركووك، زیقار، ئەنبار، قادسیە، سەڵاحەدین، موسەنا، بەسرە، بەغدا و بابل جێبەجێ دەکرێت.
لە بەیاننامەكەدا ئەوەش ڕوون كراوەتەوە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات، كە ناڕەزایی و داواكارییەكان بە بەڵگەوە پشتیوانییان لێ كراوە، بۆیە دوای تەواوبوونی ڕێكارەكانی ژماردنەوەی دەستی، ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمیسیۆن بڕیاری گونجاویان لەسەر دەدات و، ئەنجامەكەش لە لایەن كۆمسیۆنەوە ڕادەگەیەندرێت.
ئەوەش هاتووە كە كۆمسیۆن لە ڕۆژی چوارشەممەی دابێت، دەست بە ژماردنەوەی دەستیی وێستگەكانی هەڵبژاردنی پارێزگای نەینەوا و، دواتر باقیی وێستگەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگا دیاریكراوەکاندا دەكات.
جێگەی باسە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دوو هەفتە لەمەوبەر 1400 داواكاری و سكاڵای لەسەر ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەرگرت.
خێڵان بەختیار




