بەنزینی حکوومی گەیشتە دھۆک و دەست بە دابەشکردنی کرا

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی دھۆک رایگەیاند، لە دوێنێوە بەنزینی حکوومیمان بەدەست گەیشتووە و دەستمان بە دابەشکردن کردووە، کە ھەر جارەو دەدرێتە بەشێکی بەنزینخانەکان، ئەمەش وا دەکات نرخی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان دابەزێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رێککەوتنێکی لەگەڵ بەغدا کردووە بۆ کڕینی بەنزین و لە قۆناغی یەکەمیشدا زیاتر لە یەک ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ھەرێمی کوردستان دێت، کە دواتر ئەو رێژەیە زۆر زیاتریش دەبێت، ئەمەش وەکو چارەسەری گرفتی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.
لەو بارەیەوە، موحسین تەھا، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە دوێنێوە ئەو بەنزینەی حکوومەت لە بەغدا کڕیویەتی، بۆمان دێێت و دوێنێ و ئەمڕۆش بۆمان ھاتووە، کە دوێنێ ١٠٨ھەزار لیترمان بەدەست گەیشتووە و ئەمڕۆش ھەمان بڕمان بۆ ھاتووە، ئێمەش خشتەیەکمان داناوە و بەپێی خشتەکە ھەر جارەو دەدرێتە کۆمەڵێک بەنزینخانە، ئێستاش داومانەتە نۆ بەنزینخانە و تا سەری مانگ ئەوان دابەشی دەکەن و دواتر دەدرێتە کۆمەڵێک بەنزینخانەی دیکە".
تەھا گوتیشی: "نرخی ھەر لیترێک بەنزین ٦٩٠دینارە و ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر هەرزانبوونی نرخی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان، کە کارێکی زۆر باشە و ھیوادارین بەردەوام بێت".
بڵند ئیبراھیم




