بە قەزابوونی پیرمام و عەنكاوە بە كۆی دەنگ پەسەند كرا

ھەولێر-KDP.info- ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دوای فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەقەزابوونی عەنكاوە و پیرمام، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بە كۆی دەنگ ئەو فەرمانەی پەسەند كرد و، پارێزگاری ھەولێریش دەڵێ، ئەوەی كراوە جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەت بووە بۆ شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و كارئاسانی بۆ ھاووڵاتییانی ئەو دوو دەڤەرە.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، عەلی ڕەشید، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێردا دەنگ لەسەر بەقەزابوونی ھەردوو ناحیەی پیرمام و عەنكاوە درا كە سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری لێ دابوو و پێشنیازی كردبوو ڕێكاری یاسایی بگرینە بەر و ئەمڕۆ ئێمەش ڕێكارە یاساییەكانمان تەواو كرد و لە كۆی ٢٧ دەنگ، سەرجەمیان دەنگیان بەو بڕیارە دا، بۆیە ئەمڕۆ ھەردوو ناحیەکە كرانە قەزا و لێرەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و خەڵكی ئەو دوو دەڤەرە دەكەین".
پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو، لە ھەمان كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ھاتووین سوپاسی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی پارێزگا بكەین، دوای ئەوەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی، سەردانی عەنكاوەی كرد، فەرمانی كرد لەپێناو جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەت لە شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و كارئاسانی بۆ ھاووڵاتییان لە كاروباری فەرمانگەكانی حكوومەت عەنكاوە ببێتە قەزا، چونكە عەنكاوە یەكێك لە شانازییەكانمانە و دوای ئەوەش جارێكی دیكە فەرمانی كرد لەپێناو گرنگیی ناحیەی پیرمام، كە فراوانە و بەشێكی زۆری ھاووڵاتییان بۆ ڕاییكردنی كارەكانیان لە دەوروبەری ھەولێر دەچوونە شەقڵاوە و ئەوكات دەھاتنەوە ھەولێر، بۆیە ئێمەی ڕاسپارد ڕێكاری یاسایی بگرینە بەر بۆ ئەوەی عەنكاوە و پیرمام ببنە قەزا و ئێمەش پێشكەشی ئەنجومەنمان كرد و ئەوانیش ئاراستەی لیژنەی پەیوەندیداریان كرد و ڕێوشوێنیان گرتە بەر و دیراسەیان كرد و ڕەزامەند بوون و ڕاپۆرتیان لەسەر ئامادە كرد، كە ئەمڕۆش دەنگیان لەسەر دا بە كۆی دەنگی ئامادەبووان بوو".
خۆشناو گوتیشی: "لە ئەمڕۆوە ڕێكاری بەقەزابوونی ھەردوو قەزا دەست پێ دەكات و ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ دەكرێت، كە تەواویش بوو، ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت و ئەو دوو ناحیەیە دەبنە قەزا".
پارێزگاری هەولێر ڕوونیشی كردەوە: "ئەو كارە لەژێر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بووە و پێشتر سۆران و زاخۆ كرانە ئیدارەی سەربەخۆ، پرسیاریش دەكرێت كە چەند شوێنی دیكە دەبنە قەزا و ئێمەش لەژێر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت لە خزمەت ھاووڵاتیاندا دەبین، بۆیە سوپاسی ئەنجومەن دەكەین و ھیوادارین لە پشتیوانیكردنی ئێمە بەردەوام بن، چونكە ئەوان پەرلەمانی ھەولێرن بۆ چاودێریكردنی حكوومەتی خۆجێیی و بۆ ئەو كاروبارانەش كە كراون، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەن بەشدار دەبین، كە چیمان كردووە و گوێ لە ڕای خەڵك دەگرین و ھەوڵ دەدەین خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین و بەردەوامیش دەبین".
بڵند ئیبراھیم




