عەبدولخالق تەڵعەت: لیوا ھاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستبەکار دەبن

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق رایگەیاند، ھەموو رێکارەکانی دەستبەکاربوونی لیوا ھاوبەشەکان بۆ ناوچە کوردستانییەکان تەواو بوونە و تەنھا ھەندێک وردەکاریی ماوە. دەشڵێ، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی دەستبەکاربوونیانی دەرکردووە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پاتری دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای دروستکردنی چوار ژووری ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکان، بڕیار درا کە دوو لیوای ھاوبەشیش دروست بکرێن لە پێشمەرگە و سوپای عێراق و، سەرۆکوەزیرانیش فەرمانی دەستبەکاربوونی ئەو دوو لیوایەی دەرکردووە، کە بڕیار بوو پێش ھەڵبژاردن دەستبەکار بن، بەڵام بە ھۆی ھەڵبژاردنەوە دواخرا، چونکە لیواکان ئامادەن و بەسەر ناوچە کوردستانییەکاندا دابەش دەکرێن".
تەڵعەت گوتیشی: "بڕیارە کۆبوونەوەیەک لە نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەدا بەڕێوە بچێت و ئەو وردەکاریانەی ماون، تەواو بکرێن و دەستبەکار بن، چونکە ئەو ھێزانە بۆ ئەو ناوچانە زۆر پێویستن و دەتوانن ئارامی بۆ ئەو ناوچانە بگێڕنەوە، لەبەر ئەوەی ھێزی نیزامین و دەتوانن ئەو ناوچانە بپارێزن".
بڵند ئیبراھیم




