٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازی لە باڵیۆزی سوید کرا

سەرچاوە: KDP.info

بە بۆنەی دەستبەکاربوونی یۆناس لۆڤێن، وەک باڵیۆزی نوێی شاهانەی سوید لە عێراق و بۆ ئاشنابوون بە دۆخی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی لە یەکەم سەردانیدا بە هاوڕێیەتیی بۆتان ساڵح، بەڕێوەبەری كارگێڕی و یاریدەدەری كونسوڵ لە نووسینگەی باڵوێزخانەی سوید لە هەولێری پایتەخت، چەندین دیداری گرنگیان لەگەڵ گەورەبەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا.

باڵیۆزی نوێی شاهانەی سوید و شاندی یاوەری سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیشی کرد و لەلایەن بەرپرس و ژمارەیەک لە ستافی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەگەرمی پێشوازییان لێ کرا.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بە بۆنەی دەستبەکاربوونی بەڕێز یۆناس لۆڤێن، وەک باڵیۆزی نوێی شاهانەی سوید لە عێراق بەگەرمی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی شاهانەی سوید و عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا و خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی باڵیۆز لۆڤێن بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) دەربڕی و هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی پێویستی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە خستە ڕوو بۆ سەرکەوتنی پرۆژە و چالاکییەکانی باڵیۆزخانە و ئۆفیسی باڵیۆزخانەی وڵاتی سوید لە هەولێر لە بواری گەشەپێدان و بنیادنان و پشتگیریکردنیان لە ئەزموونی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستان.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) سوپاس و ستایشی وڵاتی شاهانەی سوید کرد کە لە ڕیگەی ڕێکخراوە خێرخوازی و ناحکوومییەکانەوە لە ساڵانی ٩٠ی سەدەی ڕابردووەوە ڕێکخراوە سویدییەکان لە ساتەوەختە هەستیارەکاندا لە هەرێمی کوردستان چالاکییەکانیان بەردەوام بووە و، بەتایبەتی ستایشی ڕۆڵی بەشداریی سویدی کرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بۆ شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە هەرێم کە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە و ئەمڕۆ پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی شاهانەی سوید و هەریمی کوردستان لە بواری گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی و مرۆیی و سەربازی و زانستیدا گەیشتووەتە ئاستێکی پێشکەوتووتر کە لە ڕابردوو و بناغەی ئەم پەیوەندییانە بەهۆی چالاکی و خۆگونجاندنی ڕەوەندی کوردستانی لە سوید لەگەڵ کۆمەڵگای ئەم وڵاتەدا دارێژراوە و ئەم پەیوەندییانە بەردەوام گەشەپێدانی خێرایان بە خۆوە بینیوە.

وڵاتی شاهانەی سوید لە سیاسەتی دەرەوەیدا هەردەم پشتیوانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد بووە. چالاکانی کورد لە سوید توانیویانە لەنێو ژینگەی سیاسیی سویددا وەک ڕەوەندێکی زیندوو و چالاک ڕۆڵیان هەبێت لە سەرجەم جومگە حکوومی و پەرلەمانییەکان و لەنێو پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە سویدییەکاندا و، ژمارەیەکی بەرچاویش لە سویدییە بەڕەچەڵەک کوردەکان لەنێو دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا چالاکن.

یۆناس لۆڤێن، باڵیۆزی شاهانەی سوید لە عێراق، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێم و ئەو پیشوازییە گەرمەی لێیان کراوە دەربڕی و هەریمی کوردستانی بە پێشکەوتوو و سەقامگیر و جیاوازتر لە ناوچەکانی تری عێراق پێناسە کرد و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و لە شەڕی بنبڕکردنی تیرۆر لە ناوچەکەدا و هیوای خواست پەیوەندییەکانی سوید و عێراق و هەرێمی کوردستان لە بواری سیاسی و بازرگانی و لە سەرجەم کەرتەکانی جێی بایەخی نێوانیاندا بەردەوام لە گەشەسەندندا بێت. هیوایشی خواست دوای داعش و سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، عێراق لە ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەوتندا بێت و حکوومەتی تازەی عێراق ببێتە هەنگاوێک بەرەو کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی براوەی هەڵبژاردنەکان بە ئاراستەی پێکهێنانی حکوومەتێکی ئیئتلافیی بنکە فراوان لە هەموو ئایین و نەتەوە و پێکهاتەکانی و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بەدوای خۆیدا بێنێت.

باڵیۆزی شاهانەی سوید ڕایگەیاند، وڵاتەکەی وەک ئەندامێکی چالاکی یەکێتیی ئەورووپا پشتگیریی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی کرد و خۆشحاڵن کە هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوە چوون و ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند لە حوکمڕانی و بنیادنانی دامەزراوە دیموکراسییەکانی هەرێم و پەیڕەوکردنی کەلتووری پێکەوەژیان و لێبووردەیی و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و داڵدەدانی هەزاران ئاوارەی شەڕی داعش و دابینکردنی ئازادی و ماف و دادپەروەری و خۆشگوزەرانیی ئابووری بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.

دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، هەڵسەنگاندنی پرۆسەی هەڵبژاردن و پێشبینییەکان بۆ دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراقی دوای هەڵبژاردنەکان و پێگە و کاریگەریی کورد لە بەغدا و هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و لە بەغدا بۆ بەشداریکردنی کورد لە حکوومەتی داهاتوودا ، پرسی مافە دەستوورییەکان، دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەریمی کوردستان و ئاساییکردنەوەی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە و گرنگیی برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان وڵاتی شاهانەی سوید و هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری گفتۆی نێوان باڵیۆزی شاهانەی سوید و پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بوو، دواتر باڵیۆزی نوێی سوید و شاندی یاوەری بە هاوڕێیەتیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سەردانی ناو بازاڕ و شوێنە گەشتیارییەکانی شارۆچکەی شەقڵاوەیان کرد و شاندەکە لەلایەن پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی میوانداری کران.

 

هەواڵی پەیوەندیدار