''یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ھەموار دەکرێتەوە''
_(2)__2021_10_24_h15m18s18__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- بڕیارە یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ھەموار بکرێتەوە و شارەزایەکی ھەڵبژاردنیش دەڵێت، پێویستە جیاوازیی زۆر لە نێوان یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم و بەغدادا نەبێت.
سەربەست ئامێدی، شارەزای ھەڵبژاردن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک پڕۆژەپێشنیار بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ئامادە کراوە و بڕیارە یاساکە ھەموار بکرێتەوە، بەتایبەتی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان زۆر خاڵی جیاوازی ھەیە لەگەڵ یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق.''
ئەو شارەزایەی ھەڵبژاردن ڕوونی کردەوە: "ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پێویستمان بەوەیە گۆڕانکاری بکرێت لە یاسای ھەڵبژاردن و بەپێی قۆناغی ئێستا دەستکاریی بڕگە و ماددەکانی نێو یاساکە بکرێت و زۆر جیاواز نەبێت لەگەڵ یاسای عێراق.''
سەربەست ئامێدی دەشڵێت: "جیاوازیی زۆر ھەیە لە نێوان ھەردوو یاسای ھەڵبژاردن و، بەپێی ھەڵبژاردنەکانی عێراق سیستەمی بایۆمەتری ھەیە بۆ دەنگدەران، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەتری نییە، ڕاستە دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەسەر کاغەزە، بەڵام ژماردنی دەنگ بە ئەلیکترۆنییە، زۆر خاڵی دیکەش هەن، ھیوادارین یاساکە بۆ ساڵی ئایندە ھەموار بکرێتەوە، چونکە کۆتاییی ساڵی داھاتوو پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت.''
قائید میرۆ




