بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێم: بۆ کێشەی کەمئاوی بەباشی خۆمان ئامادە کردووە
__2021_10_24_h14m51s15__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەمساڵیش پێشبینی دەکرێت وشکەساڵی بێت و پێشوەختە خۆیان ئامادە کردووە و چەندین پێشنیار دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران و ئەولەویەتی ئەمساڵ بۆ ئاوی خواردنەوە دەبێت، بۆ ئەو کارەش چەند ڕێگایەک دەگیرێنە بەر، لەوانە ڕووبارەکان دەخرێنە سەر بەنداوەکان و لێدانی بیریش کەم دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمساڵ بەھۆی ئەوەی بارانبارین کەم بوو، بووە ھۆی ئەوەی ئاوی ژێرزەوی کەم بێت و ئاوی بەنداوەکان کەمی کردبوو و ئەو بەفرەی ھەبوو، ئەویش کەمی کردبوو و بەشێکی ڕووبار و کانییەکانیش وشکیان کردووە، بۆیە چەند کۆبوونەوەیەکمان بۆ چارەسەریی وشەکەساڵی بەڕێوە برد، ئەویش دوو چارەسەری لەخۆ گرتبوو، یەکێک ڕووبارەکان بخەینە سەر بەنداوەکان، وەکوو زێی گەورە و بچووک و ئەوەی دیکەش لێدانی بیر کەم کەینەوە بۆ ئەوەی ئاوی ژێر زەوی کەم نەبێتەوە و ئاوی بیرەکان زیاتر وشک نەبێت و وەکوو خۆی بمینێتەوە.''
ئاری ئەحمەد گوتیشی: ''بڕیارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە ھەرێمی کوردستان چەند بەنداوێکی گەورە و بچووک دروست بکرێت و ئاوی ژێر زەوی بپارێزین و چەندین پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ بکرێت بۆ کاتی پێویست بۆ ئەوەی ئەمساڵ بە ھەمان شێوەی ساڵی ڕابردوو تووشی کێشەی کەمئاوی نەبین، بۆیە ئێستا ئامادەکاری دەکەین و لەگەڵ فەرمانگەکانی خۆمان لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ھەر کێشەیەک ھەبێت چارەسەری بکەین و پێداویستی چییە بۆ بەھێزکردنی تۆڕی ئاو و گواستنەوەی ئاو و کەمکردنەوەی لێدانی بیر و ئەو پڕۆژانەیشی کە ستراتیژین بۆ چارەسەری کەمئاوی، تەواو بکرێن.''
ئەحمەد باسی لەوەش کرد: ''ئێمە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و کشتوکاڵ کۆمەڵێک پێشنیارمان بۆ چارەسەری ھەنووکەیی ئامادە کردووە و دەیدەینە ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی پلانێکی درێژخایەن دابنرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر ئەمساڵ وشکەساڵی ھەبوو، دووبارە تووشی کێشەی کەمئاوی نەبین.''
گوتیشی: ''بۆ ئەمساڵیش پێشبینی دەکرێت وشکەساڵی بێت، بۆیە خۆمان ئامادە کردووە و ئەولەویەتیش بۆ ئاوی خواردنەوەی ھاووڵاتییان دەبێت و ئێستا دیراسەی ئەو کارە دەکەین، بەڵام پێویستمان بە بودجە ھەیە، بۆ ئەو مەبەستەش داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بۆیە ئەمساڵ ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی تووشی قەیرانی کەمئاوی نەبین و پێشوەختە چارەسەری بکەی.''
بڵند ئیبراھیم




